نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە بۆ درووستکردنی یەکڕیزی

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە بۆ درووستکردنی یەکڕیزی
پەیامی کورد    ...   نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆدایە بۆ درووستکردنی یەکڕیزی

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی دەڵێت، سەدا 90ـی ئەو حزبانەی ناویان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە پێیانوایە بەبێ پارتی هەڵبژاردن ناکرێت. ئاماژە بەوەش دەدات، "چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی سەرەتایەکە بۆ چارەکردنی کێشەکانی دیکەش".

 پێنجشەممە، 18-04-2024، پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی بەشداریکردنی لە پانێلێکی تایبەت بە دۆخی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ باسی لە سەردانەکەی سوودانی بۆ ئەمریکا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دۆخی ئێستای ناوچەکە کرد.

بە گوتەی پشتیوان سادق، "سەردانەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا رۆڵێکی گەورەی هەبوو لەوەی سەرۆکی ئەمریکا و گەورە بەرپرسانی ئەو ووڵاتە لەکاتی سەردانەکەی سوودانی بۆ کۆشکی سپی، بە ڕوونی باسی (مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان) و چارەکردنی كێشەکانی هەولێر و بەغدا بکەن".  

بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی هەولێری پارتی ووتی، "هەڵوێستی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چارەکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێگەی رێزێکی زۆرە و سەرەتایەکە بۆ ئەوەی کێشەکانی دیکەش چارەسەر بکرێن".

پشتیوان سادق باسی لەوەش کرد، "کاتێک سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف لە هەرێمی کوردستان بکرێت، واتای ئەوە دەگەیەنێت، دەستوەردان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت."

وەکوو خۆی ئاماژەی پێدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان "لەگەڵ حیزبەکان لە گفتوگۆدایە بۆ دروستکردنی یەکڕیزی کە ئەمە پرەنسیپی پارتی بووە لە ڕابردوو و ئێستادا". ووتیشی، "سەدا 90ـی ئەو حزبانەی ناویان پێشکەشی کۆمیسیۆن کردووە باوەڕیان وایە  کە هەڵبژاردن بە بێ پارتی ناکرێت".

پشتیوان سادق، لەبارەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێوەگلانی عێراق لەو کێشانە، ڕایگەیاند، "تێوەگلانی عێراق لەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن، ئاییندەی ووڵاتەکەی خستووەتە مەترسییەوە".

وەکوو ئەوەی ئەو بەرپرسەی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی کرد، موحەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "دەیەوێت عێراق ئارام و سەقامگیر بێت و، دوور بێت لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکە".

هەرێمی کوردستان، وەکوو ئەوەی پشتیوان سادق ئاماژەی پێ دا، "بەشێک نییە لە کێشە و ئاڵۆزییەکانی ئێستای ناوچەکە و لە بەرژەوەندی ئێمەشدا نییە، لەو گرژی و ئاڵۆزییانە تێوەبگلێین".