"320 ھەزار ھاووڵاتی لە داشکانی قەرزی ئاو سوودمەند بوونە"

"320 ھەزار ھاووڵاتی لە داشکانی قەرزی ئاو سوودمەند بوونە"
پەیامی کورد   ...   "320 ھەزار ھاووڵاتی لە داشکانی قەرزی ئاو سوودمەند بوونە"

بەڕێوبەری گشتی ئاوی ھەرێم زانیاری دا، پێشتر بەھۆی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، 320 ھەزار ھاوبەشی ئاو لە داشکاندنی قەرزی کرێی ئاو سوودمەندبوونە..دەشڵێت، لە بڕیاری نوێدا رێژەی داشکانی قەرزی ئاو زیاد کراوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاوی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند" لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار ھاوبەشی ئاو ھەیە بەھەموو جورەکانییەوە، پێشتر سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داشکاندنی بۆ قەرزی کرێی ئاو دەرکردبوو  کە بە رێژەی ١٥% لێخۆشبوون بۆ قەرزی ئاو کرابوو، بەھۆی بڕیاری پێشووی سەرۆکی حکوومەت 320 ھەزار ھاوبەش لە بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی ئاو سوودمەندبوون، گوژمەی لێخۆشبوونی قەرزی ئاو گەیشتە نۆ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن، دیناری عێراقی.

بەڕێوبەری گشتی ئاو ئاماژەیشی دا" بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەشێکی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی سەر ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێکی دیکەی قەرزەکانی لای ھاوڵاتیان دەرکرد یەکێک لەو کەرتانەی داشکانی بۆ کراوە قەرزی کرێی ئاوە لای ھاووڵاتیان و ھاوبەشانی ئاو.

ئاری ئەحمەد روونی کردەوە" رێژەی داشکان یان لێخۆشبوونی قەرزی ئاو بووەتە ٢٠%، ئێمە دڵنیاین ژمارەیەکی زۆری ھاووڵاتیان لە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت سوودمەند دەبن، داوا لەو ھاووڵاتیانە دەکەین کە قەرزی کرێی ئاویان لایە سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکەن بۆ ئەوەی لە بڕیارەکەی حکوومەت سوودمەندبن.