پەیامی کورد ... بڕیارنامەی فەڕەنسا، ئاڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران
فەڕەنسا، ئاڵمانیا، بەریتانیا و ئەمریکا لە دانیشتنی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتی ووزەی ئەتۆمی، بڕیارنامەیەکیان بۆ ڕوونکردنەوە و بەهێزکردنی مێکانیزمی ڕاپۆرتدانی ئاژانس سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران پێشکەش کردووە.
ئەم ووڵاتانە جەختیان لەوە کردەوە کە ئەو بڕیارنامەیە هیچ داواکارییەکی نوێی لە تاران نییە و تەنیا داوا لە ئێران دەکات کە ئەو بەڵێنانەی کە پێشتر لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجام پەسەندی کردبوو جێبەجێ بکات، لەوانە دەست پێڕاگەیشتنی بەبێ بەربەست بۆ پشکێنەران، ڕاپۆرتدانی وورد لە کەرەستە ئەتۆمییەکان و گەڕاندنەوەی ڕێکخستنەکانی چاودێری کردن.
لە بەیاننامەی هاوبەشی ئەم ووڵاتانەدا هاتووە کە ڕێژیمی ئێران دەبێ کێشەکانی چاودێری دامەزراوە ئەتۆمییەکان بەبێ دواکەوتن چارەسەر بکات و لە ڕێگەی ڕوونکاری و هاوکاری کردەیی متمانەکان بگەڕێنێتەوە.
بە ووتەی ئەوان، ئەم بڕیارنامەیە ئەرکی ڕاپۆرتدانی ئاژانس ڕوونتر دەکاتەوە و مێکانیزمی چاودێریکردن بۆ دۆخی پێش بەرجام دەگەڕێنێتەوە.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بە پابەندنەبوونی ئێران بە بەڵێنییەکانی NPT ئێن پی تی کراوە.