پەیامی کورد- حەلەب... درۆنێکی حکومەتی دیمەشق ناوچەیەکی ژێر دەسەڵاتی "هەسەدە" لە گوندەواری حەلەب دەکاتە ئامانج
سەرچاوە کوردییەکان، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، ڕایانگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی سەر بە حکومەتی کاتی، بۆردومانێکی کردە سەر شاری دێر حافر کە دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەلەب.
سەرچاوەکان ئەوەشیان خستەڕوو کە بۆردومانەکە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو کرێکاری مەدەنی لە کاتی مانەوەیان لە شوێنی کارەکەیان بە برینی جیاواز، هەردووکیان گواسترانەوە بۆ یەکێک لە خاڵە پزیشکییەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر، هاوکات زیانی ماددیش بەر شوێنە بە ئامانجگیراوەکە کەوتووە.
لە هەمان چوارچێوەدا، هەمان سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە چەکدارانی حکومەتی کاتی، لە کاتێکی زووتری ئەمڕۆدا، بە تۆپخانەی قورس و چەکی ڕەشاش گوندەکانی "حەج حوسێن" و "شێخ مەحشی"، سەرباری گردی "سیریاتێل" لە دەوروبەری بەنداوی تیشرین لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی حەلەب-یان کردە ئامانج، بێ ئەوەی هەتا ئێستا زانیاری سەبارەت بە زیانی گیانی یان ماددی بگاتە دەست.