"سەرایا ئەنسارولسوننە" بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی مزگەوتی عەلی کوڕی ئەبو تالیب لە حومس دەگرێتە ئەستۆ

Dîroka Belavkirin :
"سەرایا ئەنسارولسوننە" بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی مزگەوتی عەلی کوڕی ئەبو تالیب لە حومس دەگرێتە ئەستۆ
پەیامی کورد- حومس... "سەرایا ئەنسارولسوننە" بەرپرسیارێتی تەقینەوەکەی مزگەوتی عەلی کوڕی ئەبو تالیب لە حومس دەگرێتە ئەستۆ

کۆمەڵەیەک کە خۆی بە "سەرایا ئەنسارولسوننە" دەناسێنێت، ئەمڕۆ هەینی بەرپرسیارێتی ئەو تەقینەوەیەی گرتە ئەستۆ کە لە مزگەوتی ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تالیب لە گەڕەکی "وادی ئەلدەهەب" لە شاری حومس لە ناوەڕاستی سووریا ڕوویدا.

تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو لە ناو مزگەوتی ئیمام عەلی کوڕی ئەبو تالیب لە گەڕەکی وادی ئەلدەهەب، بووە هۆی کوژرانی هەشت کەس و برینداربوونی ٢١ کەسی دیکە.

ئەو کۆمەڵەیە لە بڵاوکراوەیەکدا کە لە پەیج و ئەکاونتە نزیکەکانیان بڵاوکراوەتەوە، ڕایانگەیاندووە: "بە پشتیوانی خودای گەورە، موجاهیدانی سەرایا ئەنسارولسوننە بە هاوکاری موجاهیدانی کۆمەڵەیەکی دیکە، چەندین بۆمبیان لە ناو پەرستگای عەلی کوڕی ئەبو تالیبی سەر بە نوسەیرییەکان تەقاندووەتەوە."

هەروەها ئاماژەیان بەوە کردووە کە تەقینەوەکە "بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی ٤٠ نوسەیری."

لە کۆتایی بڵاوکراوەکەیاندا هاتووە: "ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکەینەوە کە لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە و دەڵێن تەقینەوەکە مزگەوتێکی ئەهلی سوننە و جەماعەتی کردووەتە ئامانج، هەروەها ڕایدەگەیەنین کە هێرشەکانمان لە زیادبووندان و بەردەوام دەبن و سەرجەم کافر و هەڵگەڕاوەکان دەگرێتەوە."