پەیامی کورد ... سەرۆکی ڕۆمانیا پێی وایە ئابووری لە جیهانی نوێی ترامپ دا بەسەر ئەخلاق دا زاڵ دەبێت
🔸 میدیاکانی ڕۆژئاوا باس لەوە دەکەن کە بۆ سەرکردەکانی وەک سەرۆکی میانەڕەوی ڕۆمانیا، دووڕیان هەمیشە ئەوەیە کە چەندە ئەولەویەتەکانی ترامپ قبووڵ بکەن - ئاخر ئەورووپا هێشتا پێویستی بە ئەمریکایە - و تا چەند بەرەنگاری دوژمنایەتییەکەی بەرامبەر بەها میانەڕەوەکانی ئەورووپا دەبێتەوە. ئایا هیچ یەکێتییەکی ڕاستەقینە لە هەردوو دیوی زەریای ئەتڵەسی دا هەیە؟
سەرۆکی ڕۆمانیا پێی وایە کە ئەخلاق لە جیهانی پەسەندکراوی ترامپ دا زۆر گرینگ نییە.
بەپێی ڕاپۆرتێک ، نیکۆشوور دەن سەرۆکی ڕۆمانیا لە چاوپێکەوتنێک دا لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ جەختی لەوە کردەوە کە زۆربەی ئەمساڵی بە ئامادەکاری بۆ "چۆن لەگەڵ دۆناڵد ترامپ بژی یان لەوەش خراپتر بەبێ ئەو" بەسەر بردووە.
بەگوێرەی ماڵپەڕی (پۆلیتیکۆ)، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا ئێستا وەک تێکدەرێکی گەورەی نۆرمەکانی نێودەوڵەتی سەیر دەکرێت و لە دوای گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی لە مانگی یەکدا، پەیامێکی ناردووە کە زۆر گرینگی بە ئەورووپا نادات.
سەرۆکی ئەمریکا بە پێچەوانەی خواستی سەرکردەکانی ئەورووپا، هاوکارییە دارایی و سەربازییەکانی بۆ ئۆکراین بڕییەوە و بە گومرگی لە یەکیتی ئەورووپا لێدا و سەرکردەکانیشی بە “لاواز” ناوبرد. ئێستا ئیدارەکەی لە ئەرکێکدایە بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەورووپا بە پشتیوانی کردنی پارتە ڕاستڕەوە توندڕەوەکان لە ووڵاتانی کیشوەرەکەدا بە ئامانجی ئاڕاستەکردنی سیاسەتەکانیان بەرەو ئامانجەکانی دژە کۆچبەری بزووتنەوە بەناوبانگەکەی “جارێکی دیکە ئەمریکا گەورە بکەنەوە” (MAGA).
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پۆلیتیکۆ، نیکۆشۆر دان ڕوونی کردەوە کە یەکێک لە تەحەددیاتەکانی ئەوەیە کە تا چەند ئەولەویەتەکانی ترامپ قبووڵ دەکات چوونکە ئەورووپا هێشتا پێویستی بە ئەمریکایە، و تا چەند بەرەنگاری دوژمنایەتی خۆی دەبێتەوە بەرامبەر بە بەها میانڕەوەکانی ئەورووپا. هەروەها دەپرسێت ئایا هێشتا هاوپەیمانییەکی ڕاستەقینە لە نێوان ئەوروپا و ئەمریکادا هەیە؟
سەرۆکی ڕۆمانیا لە چاوپێکەوتنەکەدا کە لە سەردانەکەیدا بۆ برۆکسل ئەنجامدرا، ووتی : جیهان گۆڕاوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕێبازی ئێمە ئەوە بوو کە بە شێوەیەکی ئەخلاقی مامەڵە بکەین، بەڵام ئێستا بەرەو مامەڵەکردن بە شێوەیەکی پراگماتیک و ئابووری هەنگاومان ناوە.
بە ووتەی نیکۆسۆر دان، سەرکردەکانی یەکیتی ئەورووپا لەم گۆڕانکارییە تێدەگەن و ئێستا سەرنجیان دەخەنە سەر پەرەپێدانی ستراتیژی پراکتیکی بۆ بەڕێوەبردنی واقیعی نوێی جیهانی ترامپ. لە لایەکی دیکەوە، میانڕەوە ئەورووپییەکان پێویستە ئاگاداری هەوڵێکی یەکگرتووی ئەمریکییەکان بن بۆ پشتیوانی کردن لە نەیارە پۆپۆلیستەکانیان لە لای ڕاستەوە بە ئامانجی کاریگەریکردن و گۆڕینی ڕەوتی سیاسەتی ئەورووپا.
هەندێک لە بەرپرسانی ئیدارەی ترامپ، وەک جێگری سەرۆک جەی دی ڤەنس، هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردووی ڕۆمانیایان ئیدانە کردووە و ستراتیژی نوێی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لەم دوایی یانەدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەمریکا پشتگیری لە گۆڕانکاری لە سیاسەتی ئەورووپا دەکات بەرەو کارنامەی دژە کۆچبەرانی بزووتنەوەی ماگا.
سەرۆکی ڕۆمانیا ئاماژەی بەوەدا کە پێی وایە سیاسەتمەدارە ئەمریکییەکان لێدوان لەسەر سیاسەت و هەڵبژاردنەکانی ئەورووپا "هیچ کێشەیەک نییە"، بەڵام ئەمریکا هەوڵدەدات "بەشێوەیەکی نادیموکراسی کاریگەری لەسەر سیاسەتی ئەورووپا درووست بکات، وەک پارەدان بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ناوخۆی ووڵاتانی ئەورووپا بۆ دامەزراندنیان".
سەرۆکی ڕۆمانیا لە درێژەی قسەکانی دا ووتی ئەورووپا و ئەمریکا وەک "هاوپەیمانی سرووشتی" دەبینێت، چونکە بەهای هاوبەشیان لە هەموو ناوچەکانی دیکەی جیهان زیاترە. ئاماژەی بەوەش کرد، پێی وابوو “هاوبەشییەکی درووست لەنێوانیاندا لەماوەی مامناوەنددا مومکینە، بەڵام ئێستا لە جۆرێک لە قۆناغی گواستنەوەداین کە لەم ماوەیەدا پێویستە باشتر لەیەکتر تێبگەین”.
نیکۆسۆر دان جەختی لەوە کردەوە کە لێدوانەکەی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپ بۆ پۆلیتیکۆ کە سەرکردەکانی ئەورووپا "لاوازن" بەشێکی ڕاستە. لە درێژەی قسەکانیدا ووتی : ئەورووپا زۆر خاو دەبێتەوە لە بڕیاردان. ئاماژەی بەوەش کردووە، “بۆ نموونە یەکیتی ئەورووپا دوای چەند مانگێک لە مشتومڕ و مشتومڕ، دواجار ڕێککەوتن لەسەر ڕێگەیەک بۆ یارمەتیدانی ئۆکراین لە میانەی لووتکەی گرژەکەی هەفتەی ڕابردوودا، کە کاتژمێر ٣ی بەیانی کۆتایی هات، بەڵام یەکیتی ئەورووپا سەرەڕای دابەش بوونە ناوخۆیی یە زۆرەکانی توانی بڕیارێکی گرینگ بدات.”
سەرۆکی ڕۆمانیا ئاماژەی بە ڕێککەوتنی ئەم دوایی یەی ووڵاتانی یەکیتی ئەورووپا کرد بۆ پێدانی قەرزێکی ٩٠ ملیار یۆرۆ بە ئۆکراین لە ماوەی دوو ساڵدا، کە لە ڕێگەی قەرزی هاوبەشی یەکیتی ئەورووپایەوە دابین دەکرێت.
نیکۆسۆر دان پێی وایە سەرەڕای هەوڵەکانی دۆناڵد ترامپ بۆ دەڵاڵی ئاگربەست لە شەڕی ئۆکراین، کۆتایی هێنان بە ململانێکان زۆر دوورە لە دەستڕاگەیشتن.
ووتیشی : “من زیاتر ڕەشبینم نەک گەشبین لە بەرامبەر بە پێشهاتە کورتخایەنەکان”. دەشڵێت: "لە ئێستادا ڕووسیا پێناچێت ئاشتی بوێت، ئەوان پێیان وایە ئەگەر لە دوو سێ مانگدا بگەنە ئاشتی، ئەوە باشتر دەبێت لە ئێستا، بەردەوام دەبن لە شەڕکردن، چونکە پێشکەوتنی بچووک لە بەرەکانی شەڕدا بەدەستدەهێنن."
سەرۆکی ڕۆمانیا هەروەها ڕایگەیاندووە کە هاوڕایە لەگەڵ بانگەوازەکەی ئەم دواییەی ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین بۆ ئەوەی دۆناڵد ترامپ فشاری زیاتر بخاتە سەر ڤلادێمیر پووتین سەرۆکی ڕووسیا. ووتیشی: ئێمە پشتگیری لە ئۆکراین دەکەین.
هەروەها سزاکانی ترامپ بە “زۆر بەهێز” لەسەر کۆمپانیا نەوتییەکانی ڕووسیا بە یارمەتیدەر ناوبرد و وتی، “پێشوازی لە پابەندبوونی ترامپ دەکەم بە ئاشتی و هەڵوێستی نوێی سەرکەوتووی ئەمریکا سەبارەت بە دابین کردنی گەرەنتی ئەمنی بە ئامانجی بەهێزکردنی ڕێککەوتنی دامەزراوەیی.”
نیکۆسۆر دان ووتی لەکاتێکدا هیوادارە ڕووسیا دەست بەسەر تەواوی ناوچەی دۆنباس لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکراین دا نەگرێت، بەڵام نایەوێت دەستەکانی زێلێنسکی ببەستێت. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ووتی : هەر ئاشتییەک کە پاداشتی دەستدرێژکارێک بداتەوە، بۆ ئەورووپا و بۆ ئاسایشی داهاتووی جیهان باش نابێت. بەڵام بڕیار سەبارەت بە ئاشتی تەنها لە دەست خودی ئۆکراینییەکان دایە. ئەوان زۆر ئازاریان چەشتووە، بۆیە ئێمە ناتوانین
ئەوان تاوانبار بکەین بۆ هەر بڕیارێک کە بیدەن”.
سەرۆکی ڕۆمانیا جەختی لەوە کردەوە کە ووڵاتەکەی ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە گەیاندنی یارمەتییەکان بۆ ئۆکراین و بە لەبەرچاوگرتنی گرینگی ستراتیژی بەندەری کۆنستانتا لە کەنارەکانی دەریای ڕەش، هەروەها ڕۆڵێکی گرینگ دەگێڕێت لە هەر ڕەوانەکردنی ئاشتی پارێزی ڕۆژئاوا بۆ ئۆکراین لە داهاتوودا.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ووتی سەربازانی ئۆکراین لەسەر خاکی ڕۆمانیا ڕاهێنانیان پێکراوە و هەروەها بەشدارییان لە ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەگەڵ بولگاریا و تورکیا بۆ لابردنی مین لە دەریای ڕەش دا کردووە.
نیکۆسۆر دان هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکات کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ڕووسیا لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئۆکراین زیاتر لە ١٢ جار ئاسمانی ڕۆمانیایان پێشێل کردووە و لەم دواییانەشدا دەسەڵاتدارانی ڕۆمانیا ناچاربوون گوندێک لەسەر سنووری ئۆکراین چۆڵ بکەن، دوای ئەوەی کەشتییەکی گازهەڵگر لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە هێرشی کرایە سەر.
ئاماژەی بەوەشکرد، دڵنیاین کە بە ئەنقەست بەرەو خاکەکەمان نەنێردراون، هەوڵدەدەین بە گەلەکەمان بڵێین کە بە هیچ شێوەیەک مەترسییان لەسەر نییە، بەڵام ڕۆمانیا بەردەوامە لە هەوڵدان بۆ بەرزکردنەوەی خەرجییە سەربازییەکانی بۆ ئەوەی ڕووسیا ڕابگرێت.
سەرۆکی ڕۆمانیا تەمەن 56 ساڵ کە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ دا لە ووڵاتی 19 ملیۆن کەسی دا دەستبەکاربووە، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ووڵاتەکەی بۆ ماوەی دە ساڵە بووەتە ئامانجی هەوڵەکانی ڕووسیا بۆ کاریگەری لەسەر سیاسەت و دیموکراسییەکەی، هەروەها هەندێک لە سەرکردەکانی دیکەی ئەورووپا پێیان وتووە کە ئەوانیش بوونەتە ئامانجی ئەوەی بە "هەڵمەتی زانیاری ناڕاستی ڕووسیا" و "تێکدان" ناوی بردووە.