پەیامی کورد ... لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کوشتاری خۆپێشاندەران لە ئێران : ئەمە «کۆمەڵکوژی»یە
ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکی فەرمی دا ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەدا، دەستیان داوەتە کوشتارێکی بەربڵاو و نایاسایی — کارێک کە دەکرێ وەک «کۆمەڵکوژی» ناو ببرێت. ئەم ناوەندەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بە بڕینی یەکجاری ئەنتەرنێت لە ٨ی ژانویەی ٢٠٢٦ (١٨ی بەفرانباری ١٤٠٤) کردووە بە مەبەستی شاردنەوەی ڕادەی تاوانەکان دژی خۆپێشاندەران و جەختی کردووەتەوە کە تووندوتیژییەکان بریتی بوون لە: تەقەی ڕاستەوخۆ و بێ پاساو، بەکارهێنانی چەکی کوژەر و سوودوەرگرتن لە هێزە ئەمنییەکان و میلیشیاکان، کە بووەتە هۆی قوربانی بوونی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤ.
ئەگنێس کالامارد، سکرتێری گشتی لێبوردنی نێودەوڵەتی، ئەم کارانەی بە بێ وێنە وەسف کردووە و ڕایگەیاندووە:
«دەبێ کۆتایی بەم خولی خوێنڕشتن و بێسزا مانەوەیە بهێندرێت. تووندی و ڕادەی کوشتارەکان لە ٨ی جانیوەری یەوە تا ئێستا وێنەی نەبووە.»
ئەم ناوەندە داوای لە ووڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە کە هەنگاوی بەپەلە و هەماهەنگ بنێن، لەوانە: سازدانی کۆبوونەوەی تایبەت لە ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ و ئەنجوومەنی ئاسایش و ناردنی دۆسیەی ئێران بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆمەتەکانی پەیوەست بە کۆمەڵکوژی و تاوان دژی مرۆڤایەتی.
لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت ڕێکارە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران دژی خۆپێشاندەران، کە لە ٢٨ی دیسەمبەری ٢٠٢٥ـەوە دەستی پێ کردووە، نیشاندەری سیاسەتێکی سیستماتیکی سەرکوت و تووندوتیژییە و دەبێ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕاگرتنی ئەم «کۆمەڵکوژی»یە و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییان بێتە دەنگ.