پەیامی کورد- ڕەقە... مەزڵووم عەبدی: لەگەڵ دیمەشق گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە لەگەڵ دیمەشق گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان.
عەبدی لە وتارێکی ڤیدیۆییدا کە لە میانی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەی دەستەی ڕاوێژکاریی لێژنەی وتووێژی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ دیمەشق، کە لە شاری "تەبقا" بەڕێوەچوو، وتی: "گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش سەبارەت بە تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکان بە شێوەیەک کە لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیدا بگونجێت."
هەروەها زیادی کرد: "پێشکەوتن هەیە لە دروستکردنی دیدگایەکی هاوبەش لەگەڵ دیمەشق سەبارەت بە دەروازەکان، سنوورەکان و سامانە سروشتییەکان بۆ هەموو سوورییەکان."
فەرماندەی هەسەدە ئاماژەی بەوەش کرد کە هەندێک پرسی دەستووری هەن کە پێویستیان بە کاتە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێک کە هەموو سووریا بگرێتەوە، و وتی: "پێمان وایە چارەسەر لە سووریادا دەبێت نامەرکەزی بێت و دەمانەوێت خەڵکی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ناوچەکانی خۆیان لە چوارچێوەیەکی دەستووریدا بەڕێوە ببەن."
هەروەها ئاماژەی بە بەشداریی پێکهاتەکان وەک یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی کۆمەڵگە کرد و وتی: "ئەمە پێویستی بە گفتوگۆی قووڵتر هەیە بۆ گەیشتن بە دەستوورێک کە ڕەنگدانەوەی هەموو تەمەنا و داخوازییەکان بێت."
عەبدی ڕوونی کردەوە کە نزیکبوونەوەیەک لە ڕاووبۆچوونەکاندا هەیە لەسەر بابەتە بنەڕەتییەکان لەگەڵ دیمەشق و وتی: "هیوادارین لە ماوەی داهاتوودا بگەینە هەموو ڕێککەوتنەکان".
لە کۆتاییدا عەبدی ئاماژەی بەوە کرد کە مافی هەموو فەرمانبەرانی خۆبەڕێوەبەری پارێزراو دەبێت و وتی: "لە داهاتوودا هەموو فەرمانبەرانی خۆبەڕێوەبەری دەبنە فەرمانبەری دەوڵەتی سووریا و ئەم بابەتەش بەشێکە لە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار".