پەیامی کورد ... هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق بە تەواوی وەستا؛ 4500 مێگاوات توانای کارەبا لەدەست دەدات، مەترسی پچڕانی کارەبای بەرفراوان
وەزارەتی کارەبای عێراق ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی دیسەمبەری ٢٠٢٥ ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی هەناردەی گازی سرووشتی بۆ ئەو ووڵاتە بە تەواوی ڕاگرتووە. ئەم هەنگاوە لەناکاوە بووەتە هۆی داخستنی نێوان 4 هەزار بۆ 4 هەزار و 500 مێگاوات توانای بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق و قەیرانی درێژخایەنی کەمی کارەبای ووڵاتەکەی زیاتر کردووە.
لە بەیاننامەیەکی فەرمی دا ووتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاندووە، لایەنی ئێرانی تێلێگرامێکی ناردووە و بەغدای ئاگادارکردووەتەوە لە وەستانی تەواوەتی ڕۆیشتنی گاز بەهۆی بارودۆخی "لەناکاو" یان "نالەبار"ەوە. سەرچاوە ئێرانییەکان هۆکاری وەستانەکەیان بۆ زیادبوونی بەرچاوی خواستی ناوخۆیی بۆ گاز بۆ گەرم کردنەوە لە دوای شەپۆلی سەرما گەڕاندەوە، بەڵام تا ئێستا کۆمپانیای نیشتمانی گازی ئێران ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی نەداوە.