پەیامی کورد ... کچەکەی عەلی لاریجانی لە لایەن زانکۆیەکی ئەمریکی یەوە دوور خرایەوە
بەهۆی "پەیوەندییەکانی بە بەرپرسانی باڵای ئێران،" زانکۆیەکی ناسراوی ئەمریکا بڕیاریدا کچی سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کارەکەی دووربخاتەوە. چالاکوانان دەڵێن، جگە لە دەرکردنی، هەوڵ دەدەن مووڵەتی پزیشکییەکەشی لێ وەربگیرێتەوە.
بەگوێرەی بەڵگەنامەیەکی فەرمی، کە لەلایەن ساندرا وۆنگ، راگری کۆلێژی پزیشکی زانکۆی ئیمۆری (Emory University) بڵاوکراوەتەوە، فاتمە لاریجانی، کچی عەلی لاریجانی لە کارەکەی وەکوو پزیشک لەو زانکۆیە دوورخراوەتەوە.
لە نامەیەکی زانکۆوەکەدا، کە رۆژی 24-01-2026 دەرچووە، راگری کۆلێژەکە دوورخستنەوەی فاتمە لاریجانی پشتڕاست کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو "کچی یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی ئێرانە" و چیدیکە کارمەندی زانکۆکە نییە.
هاوکات لەگەڵ بڕیارەکە، پڕۆفایلی پزیشکی و ناوی کچەکەی لاریجانی لە ماڵپەڕی فەرمی زانکۆ و ناوەندە تەندرووستییەکانی ئیمۆری سڕدراوەتەوە.