پەیامی کورد ... کەنەدا چەند بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی ئێرانی بە تاوانی پێشێل کردنی مافی مرۆڤ خستە لیستی گەمارۆوەكانیەوە
حکوومەتی کەنەدا سزای نوێی لەدژی چەند بەرپرسێکی باڵای ڕێژیمی ئێران بەهۆی ڕۆڵیان لە سەرکوت کردنی ناڕازییان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا، مستەفا موحیبی، بەرپرسی پێشووی ڕێکخراوی زیندانەکانی پارێزگای تاران، حەسەن ئاخریان، بەرپرسی پێشووی بەندی ١ی زیندانی ڕەجایی شار ناسراو بە "جەلاد"، ئەحمەد خادم سەیدۆشوهەدا، فەرماندەی بنکەی کەربەلا سەر بە هێزەکانی زەمینی سوپا و موحسین کەریمی، فەرماندەی قەرارگای نەجەفی ئەشرەف. خراونەتە لیستی ئەو کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.
وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی کارناسانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ جەختی لەوە کردووەتەوە کە پێشێلکاری بەربڵاوی مافی مرۆڤ لەوان لێدان و گرتنی ئارەزوومەندانە و ئەشکەنجەدانی زیندانییەکان لە ئێران تۆمار کراوە و بەڵگەی لەسەر کراوە.