فەڕەنسا سێیەمین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەشار ئەسەد دەردەکات

فەڕەنسا سێیەمین فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ بەشار ئەسەد دەردەکات


پەیامی کورد- دیمەشق
دەسەڵاتی دادوەری فەڕەنسا، دوێنێ پێنجشەممە، فەرمانێکی نوێی دەستگیرکردنی بۆ بەشار ئەسەد دەرکرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی کیمیایی کوشندە لە ساڵی 2013.
بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا "ئە ف ب"، فەرمانی دەستگیرکردنە نوێیەکە پەیوەندی بە هێرشە کیمیاییەکانەوە هەیە کە ناوچەکانی غووتەی ڕۆژهەڵات و دووما لە نزیک دیمەشقی کردە ئامانج لەمانگی ئابی 2013، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی سەدان هاووڵاتی سڤیل بەهۆی خنکان بە گازی سارین.
دادگاکانی فەڕەنسا دوو فەرمانی دەستگیرکردنی دیکەیان دژی ئەسەد دەرکردووە، یەکێکیان لە 20ی کانوونی دووەمی 2025 دەرچووە بە تۆمەتی هاوکاریکردن لە تاوانی جەنگ، بۆ بۆردومانکردنی ناوچەیەکی نیشتەجێبوونی سڤیل لە دەرعا لە ساڵی 2017.
فەرمانێکی دەستگیرکردنی دیکە لە 19ی ئاب دەرچووە بە تۆمەتی هاوکاریکردن لە تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی، و پەیوەندی بە بۆردومانکردنی ناوەندێکی ڕۆژنامەنووسانەوە هەیە لە حومس لە ساڵی 2012، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی پەیامنێری ئەمریکی ماری کۆلڤین و وێنەگری سەربەخۆی فەڕەنسی ڕیمی ئۆشلیک.

ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە