وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پشتگیری لە هەڵگرتنی سزاکانی یاسای قەیسەر بۆ سەر سوریا دەکەین

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: پشتگیری لە هەڵگرتنی سزاکانی یاسای قەیسەر بۆ سەر سوریا دەکەین


پەیامی کورد- دیمەشق

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئیدارەی ترەمپ پشتیوانی لە هەڵگرتنی ئەو سزایانە دەکات کە بەپێی یاسای قەیسەر بەسەر سوریادا سەپێنراون لە ڕێگەی یاسای ڕێگەپێدانی بەرگری نیشتمانی کە ئێستا لەلایەن یاسادانەرانی ئەمریکاوە مشتومڕی لەسەر دەکرێت.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز وتەبێژەکە زیادی کرد: "ئەمریکا لە پەیوەندی بەردەوامدایە لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناوچەکەدا و پێشوازی لە هەر وەبەرهێنانێک یان بەشداریکردنێک لە سوریا دەکات کە پاڵپشتی لە ڕەخساندنی دەرفەتی هەموو سوریاییەکان بکات بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی ئارام و ئاوەدان".
کۆمپانیاکانی سعودیە بەنیازن ملیارەها دۆلار لە سوریا وەبەربهێنن لە چوارچێوەی هەوڵەکانی شانشینی سعودیە بۆ پشتگیریکردن لە بوژانەوەی وڵاتەکە. بەڵام سزاکانی ئەمریکا و هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی سوریا وەک بەربەستی گەورە ماونەتەوە.
سەرەڕای لێخۆشبوونە بەرفراوانەکان، بەڵام هێشتا دەبێت توندترین ڕێوشوێنەکان کە بە سزاکانی یاسای قەیسەر ناسراون، لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە هەڵبگیرێن، کە تا ئێستاش لەسەر ئەو پرسە دابەش بووە بەڵام پێشبینی دەکرێت پێش کۆتایی ساڵ بڕیارێک بدات.
یاسای قەیسەر سزای بەرفراوانی بەسەر سوریادا سەپاند کە تاک و کۆمپانیا و دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە بەشار ئەسەد سەرۆکی پێشووی سوریاوە کردە ئامانج.

ئەم بابەتە 12 جار خوێندراوەتەوە