550 هەزار پەنابەری سوریا لە تورکیا گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان
پەیامی کورد- دیمەشق
عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا دوێنێ شەممە ڕایگەیاند کە "لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی سوریا لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ٥٥٠ هەزار پەنابەری سووری لە تورکیا گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان".
بەپێی ئاماری دەسەڵاتدارانی تورکیا، نزیکەی دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار سوری لە تورکیادا ماون.
ڕۆژی هەینی، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) ڕایگەیاند کە لە ٨ی کانوونی دووەمەوە بە گشتی یەک ملیۆن و ١٦ هەزار هاوڵاتی سووری گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان.
ڕێکخراوی UNHCR ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە ملیۆنێک و 900 هەزار ئاوارەی ناوخۆ لە سوریا گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا زیاتر لە حەوت ملیۆن هاوڵاتی سوریا لە ناوخۆی وڵاتدا ئاوارەن، لەکاتێکدا نزیکەی چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار پەنابەر لە دەرەوەی وڵات ماونەتەوە.