بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر لەبارەی مەرسوومەکەی شەرع: مافەکان بە مەرسوومی کاتی ناپارێزرێن، بەڵکو بە دەستووری هەمیشەیی

Dîroka Belavkirin :
بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر لەبارەی مەرسوومەکەی شەرع: مافەکان بە مەرسوومی کاتی ناپارێزرێن، بەڵکو بە دەستووری هەمیشەیی
پەیامی کورد- قامیشلۆ... بەڕێوەبەرێتیی خۆسەر لەبارەی مەرسوومەکەی شەرع: مافەکان بە مەرسوومی کاتی ناپارێزرێن، بەڵکو بە دەستووری هەمیشەیی

خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕۆژی شەممە، لەبارەی ئەو مەرسوومەی کە ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغی ڕاگواستن سەبارەت بە کوردانی سووریا دەری کردووە، ڕایگەیاند: "مافەکان بە مەرسوومی کاتی ناپارێزرێن، بەڵکو لە ڕێگەی دەستوورە هەمیشەییەکانەوە دەپارێزرێن و جێگیر دەکرێن کە گوزارشت لە ئیرادەی هەموو گەلان و پێکهاتەکان دەکەن."

خۆبەڕێوەبەری لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کرد: "خۆبەڕێوەبەری بەدواداچوونی بۆ ئەو مەرسوومە کردووە کە لەلایەن بەڕێز ئەحمەد شەڕع، سەرۆکی حکوومەتی کاتی لە سووریا دەرکراوە و پەیوەستە بە مافەکانی گەلی کورد لە سووریا، خۆبەڕێوەبەری جەخت دەکاتەوە کە مافەکان بە مەرسوومی کاتی ناپارێزرێن، بەڵکو لە ڕێگەی دەستووری هەمیشەییەوە دەپارێزرێن و جێگیر دەکرێن."

دوێنێ هەینی، شەڕع مەرسوومێکی سەبارەت بە کوردانی سووریا دەرکرد و تێیدا جەختی کردەوە کە ئەوان بەشێکی سەرەکی و ڕەسەنی گەلی سووریان و ناسنامەی کولتووری و زمانییان بەشێکی دانەبڕاوە لە ناسنامەی نیشتمانی.

خۆبەڕێوەبەری ڕایگەیاند کە دەرکردنی هەر مەرسوومێک "نیازەکانی هەرچی بن" ناتوانێت ببێتە گەرەنتییەکی ڕاستەقینە بۆ مافی پێکهاتەکانی سووریا، مەگەر ئەوەی بەشێک بێت لە چوارچێوەیەکی دەستووری گشتگیر کە مافی هەمووان بەبێ جیاوازی بسەلمێنێت و بیپارێزێت.

هەروەها ڕوونی کردەوە: "ئێمە لە خۆبەڕێوەبەریدا، هەروەک چۆن لە پەیمانی کۆمەڵایەتیی خۆبەڕێوەبەریدا بە ڕوونی هاتووە، جەخت لەسەر پێویستیی داڕشتنی دەستوورێکی دیموکراسی و فرەیی دەکەینەوە کە مافی هەموو پێکهاتە، کۆمەڵگە و بیروباوەڕە جیاوازەکانی سووریا بپارێزێت، چونکە ئەم هەمەجۆرییە سەرچاوەی هێز و جوانیی ڕاستەقینەی سووریایە."

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم مەرسوومە "ڕەنگە وەک هەنگاوی یەکەم هەژمار بکرێت"، بەڵام وەڵامدەرەوەی خواست و ئاواتەکانی گەلی سووریا نییە، کە قوربانیی گەورەی داوە و شۆڕشێکی ڕاستەقینەی بۆ بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانی و بنیادنانی دەوڵەتێکی دیموکراسی ئەنجام داوە.

لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە کرد کە چارەسەری بنەڕەتی بۆ پرسی ماف و ئازادییەکان لە سووریا، لە ڕێگەی دیالۆگێکی نیشتمانی گشتگیر و دەستوورێکی دیموکراسی نامەرکەزییەوە دەبێت کە شەراکەتی ڕاستەقینە لە نێوان هەموو سوورییەکاندا مسۆگەر بکات و بناغەکانی دەوڵەتی هاووڵاتیبوون و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دابڕێژێت.