دەست بەسەرکردنی ١٣ هاووڵاتی کوردستان و ناڕوونی چارەنووسیان
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو و لە درێژەی شەپۆلی سەرکوت و دەست بەسەرکردنی هاووڵاتییانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێرانەوە، ١٣ کەس دەست بەسەر کراون و بۆ شوێنگەلی نادیار گوستراونەتەوە و چارەنووسیان ناڕوونە.
ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی بەفرانباری ١٤٠٤، دوو برا بە ناوەکانی "شاریار سادقی" و "محوەممەد سادقی"، خەڵکی شاری مەریوان لە بازگەیەکی پشکنینی شاری سەوڵئاوا لەنێوان سنە – مەریوان، لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ەوە دەست بەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، ١٦ی بەفرانبار، چەند هاووڵاتی تر بە ناوەکانی "محەممەد بەراری"، خەڵکی شاری جوانڕۆ و لە شاری تاران و هەروەها "جەواد پاشایی" و "ڕەزا نەزەرعەلی"، خەڵکی شاری ئیلام و "پەیمان ئەسڵمەرز"، خەڵکی شاری دەڕەشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ەوە دەسبەسەر کراون.
ڕۆژی دووشەممە، ١٥ی بەفرانبار، چەند هاووڵاتی دیکە بە ناوەکانی "عەلیڕەزا بەساتزادە"، خەڵکی شاری سەرپێڵی زەهاو و پێڕەوی ئایینی یارسان، "هەمزە نووری"، خەڵکی شاری کرماشان و دانیشتووی کیانشار، بەبێ هێج بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران دەست بەسەر کراون. بەگوێرەی زانیاری شایەتحاڵان: "عەلیڕەزا بەساتزادە" بەهۆی پاڵپشتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی کوردستان لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان دەست بەسەر کراوە.
هەروەها ڕۆژی یەکشەممە، ١٤ی بەفرانبار، دوو لاوی خەڵکی شاری هەرسین بە ناوەکانی "مورتەزا حسێنی" و "ئیحسان حسێنی"، لەلایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ەوە دەست بەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.
هەر لە درێژەی شەپۆلی دەسبەسەرکردنی خەڵکی ناڕازیی کوردستان، ڕۆژی پێنجەشەممە، ١١ی بەفرانبار، سێ کەسی دیکە بە ناوەکانی "ئەمیرهووشەنگ حەیدەری" و خەڵکی شاری "ئەیوان"، نیما خامووشی" و خەڵکی شاری کرماشان و "ئەمیرڕەزا سلێمانی"، تەمەن ١٧ ساڵ، خەڵکی شاری کەنگەوەر و دانیشتووی شاری تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ەوە دەست بەسەر کراوە.
شایانی باسە، کە تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخی ئەم هاووڵاتییانە و شوێنی ڕاگیریان لە بەردەست دا نییە.