دەقی ووتارەکەی سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی پاک کردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر

Dîroka Belavkirin :
دەقی ووتارەکەی سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی پاک کردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر
پەیامی کورد   ...   دەقی ووتارەکەی سەرۆکی حکوومەت لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەی پاک کردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر

یەکشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی قۆناغی دووەمی پرۆژەی وێستگەی پاککردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆی هەولێر، ووتارێکی پێشکەش کرد.
دەقی ووتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

به ناوی خودای گەورە و میهرەبان. خوشک و برایانی بەڕێز و خۆشەویست، ئامادەبووانی هێژا، زۆر زۆر بەخێر بێن. خۆشحاڵم کە لەگەڵتان لێرەم و ئامادەین بۆ دەستپێکردنی یان دانانی بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە گەورەیە. ئەمڕۆ بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی دیکەی گرینگ لە شاری هەولێر دادەنێین کە وێستگەی چارەسەرکردن و پاک کردنەوەی ئاو و ئاوەڕۆیە.

ئەم پڕۆژەیە کە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بە هاوکاری کۆمپانیای "ئاوزان" ئەنجامی دەدات، هەروەها بڕیارە یەکێک لەو هەشت یەکەی ئەم پڕۆژەیە، بە سوپاسەوە، لە لایەن ئاژانسی "جایکا"ـی ژاپۆنییەوە جێبەجێ بکرێت. هەروەک دیارە، ئەم پڕۆژەیە لە هەشت یەکە پێک هاتووە و یەکێک لەو یەکانە، هیوادارین کە ئاژانسی "جایکا"ـی ژاپۆنی جێبەجێی بکات و هیوادارین لە کاتێکی زوودا ئەوانیش دەست بە کارەکانیان بکەن.

ئەم پڕۆژە گرینگ و ناوازەیە ڕێگری لە تێکەڵ بوونی ئاوی ئاوەڕۆ لەگەڵ سەرچاوە سرووشتییەکان و ئاوی ژێرزەوی و پیس بوون و نەخۆشییە گوازراوەکانی ئاو دەکات. یارمەتی زیادکردنی کەرتی کشتوکاڵ و ژینگەپارێزیش دەدات، چوونکە ئاوەکە پاش چارەسەرکردن و پاڵاوتنی دووبارە، بەکاردەهێندرێتەوە. بەمەش، تا ئاستێکی زۆر فشار لەسەر ئاوی ژێرزەوی کەم دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ ئاو لە عێراق و ناوچەکەدا بووەتە خەم و کێشەیەکی گەورە، بۆیە ئێمە زووتر دەستمان بە چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە بواری دابینکردن و پاراستنی ئاو و ژینگەپارێزی کرد، وەک درووستکردنی بەندئاو و پۆند و گەیاندنی ئاو بۆ ناو شارەکان و ناوچەکانی دەوروبەری.

ئەم پڕۆژەیە باشترین سەرچاوەیە بۆ ئاودێری پارك و سەوزایی، هەروەها دەبێتە پاڵپشتێکی بەهێز بۆ گشت پلانەکانمان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی لە هەولێر. لەوانەش، پاڵپشتیکردنی هەردوو پڕۆژەی "پشتێنەی سەوزایی" و "ڕێڕەوی ژیان" و هەموو پارکەکانی دیکە، کە کاریگەری باشی لە بواری دابین کردنی زیاتری ئاو و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و باشترکردنی دۆخی ژینگەیی و تەندرووستی شارەکانمان دا دەبێت.

بەرنامەشمان هەیە پڕۆژەی هاوشێوە لە شارەکانی دیکەی کوردستانیش ئەنجام بدەین. ئامانجی سەرەکی ئێمە لە هەموو ئەو پڕۆژانە ئەوەیە کە بە باشترین شێوە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان بکەین و ئاستی ژیان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان بەرەو قۆناغێکی پێشکەوتووتر و باشتر ببەین. لە ڕووی ژینگەپارێزیشەوە، ڕێگە لە پیس کردنی ئاوی پاک و ڕووبارەکان بگرین. ئەم پڕۆژەیە یارمەتیدەر دەبێت لە پاراستنی پاک و خاوێنی سەرچاوەکانی ئاوی پارێزگاکانی تری عێراق کە دەکەونە سەر ڕێڕەوی ڕووبارەکان، بەتایبەتی ڕووباری دیجلە.

ئێمە پلان و پڕۆژەی زۆر زیاتر و گرینگتریشمان هەیە بۆ هەموو شار و شارۆچکەکان و ناوچەکانی تری کوردستان و گەشبینین کە لە چەند ساڵی داهاتوودا، کوردستان وەرچەرخانێکی دیکە لە کاروانی پێشکەوتن و ئاوەدانی بەخۆیەوە دەبینێت.

پێش ئەوەی بێمە ئێرە، من بە ڕێگەیەکدا هاتم، بە شەقامێکدا هاتم کە بەڕاستی شەقامێکی گونجاو نییە، و لێرەوە دەمەوێت بە جەنابی وەزیر بڵێم کە پەلە بکەن لە درووستکردنی ئەم شەقامە، بۆ ئەوەی خەڵکی ئەو ناوچەیەش بتوانن سوودمەند بن لە باشترکردنی شەقامەکان و کار و خزمەتگوزارییەکان.

لە کۆتایی دا، من جارێکی تر سپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەکتان بکەم، هەر شاد و تەندرووست بن، کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.