پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبووەوە
دووشەممە 2ـی شوباتی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبۆوە كە پێكهاتبوو لە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆكی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و هادی عامری سكرتێری گشتی ڕێكخراوی بەدر و موحسن مەندەلاوی سەرۆكی هاوپەیمانی ئەساس و عەباس ڕازی سكرتێری گشتی چوارچێوەی هەماهەنگی.
لەو كۆبوونەوەیەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی سیاسی عێراق و هەنگاوەكانی ناو پڕۆسەی سیاسی و هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار و هەروەها پێكهێنانی حكوومەتی داهاتووی عێراقی فیدڕاڵ.
پەیوەست بە بابەتی سەرۆككۆمار سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە سەرۆككۆمار پشكی كوردە و دەبێ میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچەسپێندرێت بۆ ئەوەی هەموو كەڕەتێك پڕۆسەی سیاسی تووشی كێشە نەبێت و بەپێی ئەو میكانیزمانە بەربژێری سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت.
بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییەكانی سووریا و ناوچەكە بە گشتی و هەماهەنگی نێوان لایەنە سیاسیەكان تەورەی تری ئەو دیدارە بوون.
جێگەی ئاماژەپێكردنە لەو كۆبوونەوەیەدا نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی جێگرانی سەرۆكی پارتی و فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێڕی و هۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد و سیداد بارزانی ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و فۆئاد حسێن ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون.