پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی میوانداری باڵیۆز تۆماس باراك و مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسە دەكات
شەممە 17ی كانوونی دووەمی 2026 لە پیرمام سەرۆك مەسعوود بارزانی میوانداری كۆبوونەوەیەكی گرینگی كرد لەنێوان باڵیۆز تۆماس باراك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری سووریا و ویندی گرین كونسووڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر و ژەنراڵ كێڤن لامبارت فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە سووریا و كۆڵۆنێڵ زاكاریا كۆرك و ژەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سووریای دیموكرات و محەمەد ئیسماعیل سەرۆكی ئەنەكەسە.
لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی بەگەرمی بەخێرهێنانی هەموو لایەنەكانی كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكێش كردن كە لەم هەلومەرجە تایبەتەدا ئامادەیان بۆ ئەم كۆبوونەوەیە هەبووە لەپێناو ئاشتی و ڕێگرتن لە تووندوتیژی. سەرۆك بارزانی جەختی لە بایەخ و گرینگی دیالۆگ و سەقامگیری و پێكەوەژیان لە سووریای نوێ كردەوە.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆز تۆماس باراك بە نوێنەرایەتی ئەمریكا سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ئەم میوانداری و كۆبوونەوەیە و پشتیوانییە بەردەوامەكانی.
دواتر ئامادەبووان گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیروڕایان هەبوو لەسەر چەند بابەتێك و بۆ هێنانە ئارای سەقامگیری تیشک یان خستەسەر چەند هەنگاوێكی كرداری.