پەیامی کورد ... سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد
دووشەممە، 2ی شوباتی 2026، لە پیرمام، مەسعوود بارزانی پێشوازی لە عێرفان سدیق باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد.
لە دیدارەکە دا کە ئەندروو بیزلی کونسووڵی گشتی بریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، باس لە دوا پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پرسی دیاریکردنی سەرۆککۆماری عێراق کرا.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق پشکی کوردە و پێویستە میکانزمێکی گونجاو ئامادەبکرێت بۆ هەڵبژاردن و دیاریکردنی کاندیدی سەرۆککۆمار و بکرێتە بنەمایەکی جێگیر بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی لە عێراق لە دوای هەر هەڵبژاردنێک تووشی گرفت نەبێ. لە بارەی پۆستی سەرۆکوەزیرانیش سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند ئەم پۆستە پشکی ناوماڵی شیعەیە، ئەوان دەبێت خۆیان ئەم بابەتە یەکلایی بکەنەوە.
بارودۆخی سووریا و ڕێککەوتنی ئەم دوایی یەی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، و پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا، و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە بە گشتی تەوەری تری ئەم دیدارە بوون.