پەیامی کورد ... سەرۆک بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عیراق کرد
یەکشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2025 لە پیرمام، سەرۆک مەسعوود بارزانی پێشوازی لە لی جونیل باڵیۆزی کۆریای باشوور لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە سنچۆل لیم کونسولی گشتی کۆریای باشوور لە هەولێر ئامادەی بوو، باڵیۆزی کۆریای باشوور پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەستی هیناوە و هەروەها ستایشی ئەو پێشکەوتن و گۆڕانکارییانەی کرد کە لە ساڵانی ڕابردوو لە سایەی سەقامگیری و پلانی ڕێک وپێک لە هەرێمی کوردستان هاتووتە ئاراوە. ڕاشیگەیاند کە پەیوەندییەکانی ووڵاتەکەی لەگەڵ گەلی کوردستان لە کاتی بوونی تیپی زەیتوون لە هەولێر هاتووەتە ئاراوە و ئێستا گەشەی زۆری لە بواری وەبەرهێنان و تەکنۆلۆژیا و بوارەکانی تر بینوە و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە فراوانتر ببن.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆک بارزانی وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان جەختی لە دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان گەلی کوردستان و گەلی کۆریای باشوور کردەوە. ئەوەشی خستەڕوو کە گەلی کوردستان ڕوانگەیەکی زۆر ئیجابیان بەرانبەر ووڵاتی کۆریای باشوور و گەلەکەی هەیە. لە بەشێکی تری ئەو دیدارەدا تیشک خرایە سەر مێژووی خەبات و کۆڵنەدانی گەلی کوردستان و سەرۆک بارزانی ئەوەی دووپاتکردەوە کە هەر گەلێک ئیرادەی هەبێت دواجار سەردەکەوێت و پێش دەکەوێت.
پڕۆسەی سیاسی عێراق و هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و هەروەها مەترسی هەڕەشەکانی تیرۆر لەسەر سەقامگیری ناوچەکە تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.