لە مانۆڕێکی سەربازی چەکە قورسەکانی ھێزەکانی پشتیوانی یەکی پێشمەرگە تاقی کرانەوە

Dîroka Belavkirin :
لە مانۆڕێکی سەربازی چەکە قورسەکانی ھێزەکانی پشتیوانی یەکی پێشمەرگە تاقی کرانەوە
پەیامی کورد    ...  لە مانۆڕێکی سەربازی چەکە قورسەکانی ھێزەکانی پشتیوانی یەکی پێشمەرگە تاقی کرانەوە

لە چوارچێوەی بەرنامەی پەرەپێدانی توانای سەربازی و ئامادەکارییەکان بۆ پاراستنی خاکی ھەرێمی کوردستان، فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی یەکی پێشمەرگە، بەناونیشانی (مانۆڕی شێر)، نمایش و مەشقی سەربازی بە بەکارھێنانی چەکی قورس و زرێپۆش لە بناری چیای پێرس ئەنجام دا.

بە مەبەستی پێشاندانی توانای فەرماندەی ھێزەکانی پشتیوانی یەک، ئەمڕۆ ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، عەبدۆلخالق باپیری بریکاری وەزارەت، فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان و بەرپرسانی باڵای ھاوپەیمانان و نوێنەری فەرماندەیی دەڤەری یەک، ژمارەیەک ئەفسەرانی باڵای وەزارەت، بە سەرپەرشتی فەریق سیھاد بارزانی فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی یەک، لە بناری چیای پێرس مانۆڕێکی سەربازی بە ناوی (شێر) ئەنجام درا.

ئامانج لە ئەنجامدانی ئەم مانۆڕە، پێشاندانی توانا و بەرەوپێش چوونە سەربازییەکانی ئەفسەر و پێشمەرگەکانی فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی یەکە، ئەمەش دوای ئەوەی کە ھێزەکانی پشتیوانی یەک، لە چوارچێوەی پلانی مەشقی بەڕێوبەرایەتی مەشقی سەربازی وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی ھاوپەیمانان، ٩ خولی پێشکەوتووی لە بوارەکانی (بنەڕەتی تۆپخانە، تانک، زرێپۆش، ھاریکار(مۆعین)، کارپێکەرانی تۆپ(قەداح) ئەندازەیی، پیادە و بێتەڵ)، ھەروەھا چەندین خولی سەرەتایی و مامناوەند ئەنجام داوە، تیایدا زیاتر لە (٦١١) ئەفسەر و پێشمەرگەی فەرماندەیی ھێزەکانی پشتیوانی یەک مەشق و ڕاھێنانیان لە بوارە جیاوازەکاندا ئەنجام داوە.

لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا، لە بناری چیای پێرس، بەشداربووانی خولەکە بەوپەڕی لێوەشاوەیی و توانایەکی بەرزی ئەکادیمیەوە مانۆڕێکی فراوانیان بە ناوی “مانۆڕی شێر” نمایشکرد و توانیان بە بەکارھێنانی ھەموو جۆرە چەکێک لە چەکی قورس، مامناوەند و چەکی سادە، مانۆڕەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە تەواو بکەن.