پەیامی کورد- کۆبانێ... مانگی سووری کوردی لە کۆبانێ بانگەواز ئاراستەی ڕێکخراوە مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات
مانگی سووری کوردی لە شاری کۆبانێ، باکووری سووریا، ڕۆژی هەینی، بانگەوازێکی ئاراستەی ڕێکخراوە مرۆییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد سەبارەت بە بارودۆخی مرۆیی لە شارەکەدا.
مانگی سوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: "ماوەی چەند ڕۆژێکە شاری کۆبانێ و گوندەوارەکانی ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی سەربازی و گەمارۆیەکی خنکێنەر بوونەتەوە لەلایەن هێزەکانی حکومەتەوە، و سەرەڕای ڕاگەیاندنی ڕاگرتنی تەقە، گەمارۆکە هێشتا بەردەوامە، هەروەها ڕێگریکردن لە هێنانە ناوەوەی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان لەلایەن ئەم گرووپانەوە بەردەوامیی هەیە."
ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئاو، سووتەمەنی و ماددە خۆراکییە سەرەتاییەکان لە شارەکە بڕدراون، ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە خێزانەکان بۆ ناو شارەکە، کە زۆربەیان ناچارن لەبەر دەمەودەر یان لەناو ئۆتۆمبێلەکانیاندا بخەون. لەم دواییانەشدا، ئینتەرنێت و هۆکارەکانی پەیوەندی لە شارەکە بڕدراون."
ڕوونیشی کردەوە کە بارودۆخە مرۆییەکە کارەساتبارە، و هیوای خواست ڕێکخراوە مرۆییەکان دەستبەجێ دەستوەردان بکەن و ئەرکی مرۆیی خۆیان بەرامبەر بە شارەکە و دانیشتووانەکەی جێبەجێ بکەن.