پەیامی کورد ... نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە یەکیتی ئافرەتانی کوردستان دەکات
نێچیرڤان بارزانی، لە یادی ٧٣ ساڵەی دامەزراندنی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان دا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکات و دەڵێت، “پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خەبات و چالاکییەکانی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەینەوە لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانیان و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیار و بەڕێوەبردندا.
دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی:
لە حەفتا و سێیەمین ساڵیادی دامەزراندنی دا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سکرتاریەت و ئەندامانی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان و تەواوی ئافرەتانی کوردستان دەکەم.
یەکیتی ئافرەتانی کوردستان، وەک قوتابخانەیەکی گەورەی نیشتمانپەروەری و پێگەیاندن، مێژوویەکی پڕ لە سەروەری ھەیە. ئەم ڕێکخراوە تێکۆشەرە کە لەسەر بنەمای بیر و تێڕوانینی ڕێبازی بارزانی نەمر دامەزراوە، ھەمیشە بەشێکی دانەبڕاو و ھاوبەشێکی کارای خەباتی نیشتمانی، ھاوکات پێشەنگی خەباتی مەدەنی و کۆمەڵایەتی بووە.
لە ڕۆژانی سەختی شۆڕش دا، ئافرەتانی کوردستان نموونەی باڵای خۆڕاگری و قوربانیدان بوون، ئەمڕۆش لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا، ڕۆڵێکی کارا و کاریگەر لە بەڕێوەبردن و پێش خستنی کۆمەڵگەدا دەگێڕن. ئافرەتانی کوردستان سەلماندوویانە کە کۆڵەکەی سەرەکی کۆمەڵگەیەکی تەندرووست و پێشکەوتوون.
لەم یادەدا، پشتیوانی تەواوی خۆمان بۆ خەبات و چالاکییەکانی یەکیتی ئافرەتانی کوردستان دووپات دەکەینەوە لەپێناو بەدیھێنانی مافەکانیان و بەھێزکردنی پێگەی ئافرەت لە ناوەندەکانی بڕیار و بەڕێوەبردندا. بڕوای تەواومان ھەیە کە بەبێ بەشداری کارای ئافرەتان، کۆمەڵگە ناتوانێت بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ھەنگاو بنێت.
سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو ئافرەتانەی لەپێناو ئازادی کوردستان و مافەکانیان دا گیانیان بەخشی.
ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوام بۆ یەکیتی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم.
نێچیرڤان بارزانی
٢٠٢٥/١٢/١١