"وەرچەرخانی گەورە لە ژێرخانی گەشتیاری هەرێم کراوە"

Dîroka Belavkirin :
 "وەرچەرخانی گەورە لە ژێرخانی گەشتیاری هەرێم کراوە"
پەیامی کورد    ...   "وەرچەرخانی گەورە لە ژێرخانی گەشتیاری هەرێم کراوە"

بەرپرسانی گەشتوگوزاری حكوومەتی كوردستان، دەڵێن "ڕێژەی گەشتیاری زستانە بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، حكوومەت وەك كەرتێكی سەرەكی دەیبینێت، بایی حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ كراوە، هەروەها گەشتیاری نێودەوڵەتی بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە."

ئیبراهیم عەبدۆلمەجید، ووتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند "سرووشتی كوردستان بەجۆرێكە گەشتیاری چواروەرزەییە، حكوومەتی هەرێمیش پلانی بووە لە كابینەی نۆ، پلانی گەشتیاری یەك وەرزە بگۆڕین بۆ تەواوی وەرزەكانی ساڵ و گەشتیارانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بێنە كوردستان."
ئیبراهیم عەبدۆلمەجید ووتی "لەپاڵ سێكتەری كشتوكاڵ و پیشەسازی، كەرتی گەشتیاری لای حكوومەت لەپێشترە، لە ماوەی 5 ساڵدا، حەوت ملیار و زیاتر لە 500 ملیۆن دۆلار، پڕۆژەی وەبەرهێنانی گەشتیاری جێبەجێ كراوە، چالاكییە گەشتیارییەكانمان فرە چەشن بوون، ئاسانكاری تەواو بۆ گەشتیاران كراوە و گەشتیاری نێودەوڵەتی پێویستی بە فیزای پێشوەختە نییە."
دەشڵێ "ژێرخانی كەرتی گەشتیاری، فراوانبوونی چالاكییە گەشتیارییەكان و ڕێژەی گەشتیاری زستانە لە ساڵدا بەرز بووەتەوە بۆ %15 كۆی گەشتیار، %25 گەشتیاری نێودەوڵەتییمان هەیە، ساڵانە چالاكی گەشتیاری زستانە ئەنجام دراون، ئێستاش لەڕێگای بەڕێوبەراییەتییەكانەوە، ئامادەكاری كراوە چالاكی لە ئیدارەی سۆران بە شێوەیەكی فراوان و فیستیڤاڵی خلیسكانەی سەر بەفر ئەنجام بدرێت، هەروەها لە سلێمانی و دهۆك چالاكییمان دەبێت."
لەڕێگای كۆمپانیا گەشتیارییەكانەوە هەوڵدراوە گەشتیاران بۆ كوردستان بهێنن و پاگێج درووست كراوە، تەنیا لە پشووەكانی سەری ساڵ، زیاتر لە 200هەزار گەشتیارمان هەبووە، گەشتیاران خۆشحاڵ بوون كە ئەمساڵ بەفرێكی زۆر باریوە و ڕوویان لە ناوچە گەشیارییەكان دەكرد" ووتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار وای گوت.
ووتیشی "وەرزی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو هاتنی گەشتیاری زستانە زیاترە، بەهۆی ئەو دوو شەپۆلی بەفرەی ڕووی لە كوردستان كردبوو، هەروەها بەپێی قسەی كەشناسی شەپۆلی تری بەفر بەڕێوەیە، ئەوەش وایكردووە زیاتر گەشتیاران ڕوو لە كوردستان بكەن."
ووتی "بەپێ داتا و زانیاریی كەرتی تایبەت و لیژنە مەیدانییەكانمان، ساڵی ڕابردوو ڕێژەی هاتنی گەشتیاران دڵخۆشكەر بوو و لە كاتەكانی ساڵدا، هەموو شوێنەكانی گەشتیاری پڕبوون لە گەشتیار."