وەزیری تەندرووستی : ئەمساڵ ھەموو ھاووڵاتیان لە سیستەمی تەندرووستی کۆدی خۆیان دەبێت

Dîroka Belavkirin :
وەزیری تەندرووستی : ئەمساڵ ھەموو ھاووڵاتیان لە سیستەمی تەندرووستی کۆدی خۆیان دەبێت
پەیامی کورد    ...   وەزیری تەندرووستی : ئەمساڵ ھەموو ھاووڵاتیان لە سیستەمی تەندرووستی کۆدی خۆیان دەبێت

وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێم باسی پلانی ئەمساڵی وەزارەت دەکات و دەڵێت، ئەمساڵ پلانی زۆر باشمان داناوە بۆ ئەوەی لە بواری تەندرووستی خزمەتی ھاووڵاتیان بکرێت، لەوانە دابین کردنی بیمەی تەندرووستی و درووستکردنی کۆد بۆ ھەموو ھاووڵاتیان و کردنەوەی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندرووستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند ، بەرنامەی کارمان بۆ ئەمساڵ ئەوەیە چەندین پڕۆژەی گرینگی ستراتیژی بواری تەندروستی بکەینەوە کە لە تەواوبوون و دابین کردنی پێداویستی دان، ھاوکات ئەمساڵ ساڵی دابین کردنی بیمەی تەندرووستی دەبێت و دوای دەست بەکاربوونی پەرلەمان پڕۆژەی بیمەی تەندرووستی کە ڕەش نووسیشی ئامادەیەو بۆ ئەنجوومەنی وەزیران ڕەوانە کراوە و پەسەند دەکرێت و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت، دوای پەسەنکردنی لە پەرلەمانی کوردستانیش ھەموو ھاووڵاتیەک دەبێتە خاوەن بیمەی تەندرووستی بێ جیاوازی.

وەزیری تەندرووستی ووتیشی، ئەمساڵ ساڵی بە ئەلیکترۆنیکردنی داموودەزگاکان دەبێت و پێویستە ھەموو ھاووڵاتیەک بێتە خاوەنی کۆدی ئێلیکترۆنی تەندرووستی و دۆسیەی ھەموو ھاووڵاتیەک لە سیستەمی تەندرووستی کۆدی خۆی دەبێت. جگە لەوەش ئەمساڵ گرینگی زۆر بە داموودەزگا تەندرووستیەکانی دەرەوەی شارەکان دەدرێت، بۆیە بەردەوام کار دەکەین بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری تەندرووستی پێشکەشی خەڵکی خۆمان بکەین.

بەرزنجی دەشڵێت، ھەر ئەمساڵ نەخۆشخانەی شێرپەنجە لە ھەرێمی کوردستان لە بواری جێبەجێکردن دایە تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیان، کە لەقۆناغی کۆتایی دایە. ھاوکات ھەر لەمساڵدا ئەو پڕۆژانەی ستراتیژی و گرینگن و تەواو نەکراون بەھۆی بارودۆخی دارایی دۆخی دارایی باش بێت دەست بەتەواوکردنیان دەکرێت.