پارێزگاری هەولێر پاڵپشتی تەواوی پارێزگا بۆ سەرخستنی پڕۆژەیەک دەربڕی

Dîroka Belavkirin :
پارێزگاری هەولێر پاڵپشتی تەواوی پارێزگا بۆ سەرخستنی پڕۆژەیەک دەربڕی
پەیامی کورد    ...   پارێزگاری هەولێر پاڵپشتی تەواوی پارێزگا بۆ سەرخستنی پڕۆژەیەک دەربڕی

بە ئامانجی پاراستنی شوناسی تەلارسازی و مێژوویی کۆنترین شاری نیشتەجێی جیهان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، پڕۆژەیەکی نوێی بۆ نۆژەن کردنەوە و داکیومێنت کردنی گەڕەک و خانووە مێژوویی یەکانی شارەکە تاوتوێ کرد.

یەکشەممە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە دیوانی پارێزگا پێشوازی لە شاندێکی ڕێکخراوی تەلارسازیی (خان) کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر و تیمی ئەندازیاران و پسپۆڕانی شوێنەوارناسی ئامادەی بوون، تیشک خرایە سەر گرنگیی پاراستنی نەخشە و شێوازی بیناسازیی خانووە دێرینەکانی هەولێر وەک میراتێکی جیهانی.

لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەدا، لێکۆڵینەوەیەکی زانستی وورد پێشکەش کرا کە تێیدا چەند خانوویەکی مێژوویی وەک نموونە نیشاندران. پڕۆژەکە پشت بە داتا، ڕووپێوی ئەندازیاری و هێڵکارییە زانستییەکان دەبەستێت بۆ ئەوەی لە کاتی نۆژەن کردنەوەدا، هیچ گۆڕانکارییەک لە شوناس و ڕەسەنایەتی ئەو خانووانەدا دروست نەبێت.

پارێزگاری هەولێر وێڕای دەستخۆشی بۆ ڕێکخراوی (خان)، پاڵپشتی تەواوی پارێزگای بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە دەربڕی. بۆ ئەم مەبەستە، ئومێد خۆشناو بڕیاری دا لیژنەیەکی تایبەتمەند ڕابسپێرێت بۆ دیراسەکردنی زیاتری لایەنە زانستییەکانی پڕۆژەکە و گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بە شێوەیەکی خێرا و سەردەمیانە.