پەیامی کورد ... پارێزگای هەولێر: نابێت شەقامەکان بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بەکاربهێندرێن
هاوکات لەگەڵ بەرزنرخاندنی هەستی نیشتمانی و مرۆڤ دۆستانەی خەڵکی ھەولێر بۆ بەدەنگەوەچوونی زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی گەرمیان و چەمچەماڵ، نووسینگەی پارێزگاری هەولێر ڕێکاری نوێی بۆ چۆنیەتی کۆکردنەوەی کۆمەک ڕاگەیاند و بڕیاریدا بە تووندی ڕێگری لە هەر کەمپینێک بکرێت کە بەبێ مۆڵەت لەسەر شەقامەکان ئەنجام دەدرێت و دەبێتە هۆی درووستکردنی ئاستەنگی بۆ هاووڵاتییان.
نووسینگەی پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی شاری هەولێر و دانیشتووانەکەی وەک هەمیشە پێشەنگ بوون لە گەیاندنی هاوکاری بۆ لێقەوماوان، بەڵام تێبینی ئەوە کراوە دیاردەیەک سەریهەڵداوە کە تێیدا کەسانێک بە ناوی کەمپینەوە شەقامە گشتییەکان دەگرن و قەرەباڵغی و بێزاری بۆ شۆفێران و هاووڵاتییان درووست دەکەن.
بەگوێرەی بڕیارە نوێیەکە، بەکارهێنانی شەقامە گشتییەکان بۆ کاری خێرخوازی بەبێ مووڵەت بە هەموو شێوەیەک قەدەغە کراوە، لەم ڕووەوە دەسەڵاتی تەواو دراوەتە هێزەکانی ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی هاتووچۆ کە ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر هەر کەسێک بگرنەبەر کە سەرپێچی ئەم بڕیارە دەکات. هاوکات هۆشداری دراوەتە هاووڵاتییانیش کە بەشداری لەو جۆرە کەمپینە هەڕەمەکییانە نەکەن، چوونکە هیچ گرەنتییەک نییە کە پارە و کۆمەکەکانیان بە دەستی زیانلێکەوتووان بگات.
سەبارەت بە میکانیزمی ڕاست بۆ ئەنجامدانی کەمپین، پارێزگای هەولێر ڕوونی کردووەتەوە، هەر کەسایەتی، لایەن یان ڕێکخراوێک بیەوێت کەمپین ڕابگەێنێت، دەبێت داواکاریی فەرمی پێشکەش بە پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان بکات، دواتر شوێنی تایبەت و گونجاویان بۆ دیاری دەکرێت کە کاریگەری لەسەر جووڵەی هاتوچۆ و ژیانی خەڵک نەبێت.
ئەم بڕیارانە دوای ئەوە دێن کە یەکشەممەی ڕابردوو شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەهۆیەوە لافاو لە قەزای چەمچەماڵ و دەڤەری گەرمیان درووست بوو، زیانی گیانی و ماددی زۆری لێکەوتەوە، ئەم ڕووداوە کاردانەوەی بەرفراوانی خێرخوازان و ڕێکخراوەکانی لێکەوتەوە و لە چەندین شوێنەوە کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری ڕاگەێندرا، بەڵام بەشێک لەو کەمپینانە بەهۆی نەبوونی ڕێکخستنەوە بوونەتە هۆی گرفت لەسەر شەقامەکان.