ڕاگەێندراوی کۆبوونەوەی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران
کۆبوونەوەی باڵای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوێنێ دووشەممە، ١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦) بەڕێوە چوو. لەم کۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسی ئێران و دوا گۆڕانکارییەکان لە کوردستان خرایە بەر باس، پشتیوانی لە خەبات و ڕاپەڕینی سەراسەری گەلان و پێکهاتەکانی ئێران کرا، و بڕیار لەسەر پێویستی کاری هاوبەش و بەرهەمدار بۆ بەهێزکردن و گوڕوتین بەخشین بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی دژی کۆماری ئیسلامی درا.
ئەم کۆبوونەوەیە بە ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان و گیان بەختکردووانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دوایی یانە لە ئێران و ناوچەکانی خوارووی کوردستان دەستی پێکرد. دواتر موستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ڕۆژهەڵات کە بەرپرسی دەورەیی ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاریی حیزبە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانە لە ووتاری کردنەوەی کۆبوونەوەکەدا ئامانج لە دانیشتنەکەی شی کردەوە و تیشکی خستەسەر ئەو ئەرک و بەرپرساییەتییانەی لەو دۆخەدا پتر لەسەر شانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوورسایی دەکا. پاشان کۆبوونەوەکە بە ڕا و سەرنج و بۆچوونی بەشداران دەوڵەمەند کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپێشاندانەکان دژی کۆماری ئیسلامی کە بەرهەمی دەیان ساڵ گەندەڵی، ناکارامەیی و سیاسەتی دژی گەلی کۆماری ئیسلامییە بەرز نرخێندرا و؛ سەرکوتی خوێنئاوی ناڕەزایەتییەکان لە کرماشان، ئیلام، مەلەکشایی و لوڕستان بە بڕياری ڕاستەوخۆی خامنەیی کە دیسان مافخوازی خەڵکی وەزاڵەهاتووی کوردستانی بە ئاژاوە ناو برد، مەحکووم کرا. هەروەها وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدانی ئەم دوایی یانە لە سەرانسەری ئێران لە مەلەکشایی و ناوچەکانی خوارووی کوردستان، پێداگری لەسەر پێویستیی یەکڕیزی و هاوخەباتی هەموو ناوچەکانی کوردستانی ئێران و هەنگاوی جیددی و بەکردەوە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی دوژمنکاری و سەرکوتی سیستەماتیکی بزووتنەوەی کورد لەلایەن ڕێژیمەوە کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بڕیار لەسەر چرکردنەوەی هەوڵ و وتووێژەکان بۆ داڕشتنی گەڵاڵەی بنەمای هاوکاری لایەنە سیاسییەکان، دیاری کردنی نەخشەڕێگا بۆ بە هێزکردنی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە ئێران درا.
لەو کۆبوونەوەیەدا سەید برایم عەلیزادە، سکرتێری یەکەمی کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران؛ عومەر ئیلخانیزادە، جێگری سکرتێری گشتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ؛ ڕەزا کەعبی، سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان؛ باباشێخ حسێنی، سکرتێری سازمانی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات ، حسێن یەزدان پەنا، سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان؛ کاک ئەمیر کەریمی، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و کاک موستەفا هیجری، سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ڕۆژهەڵات؛ سەرۆکایەتی شاندی حیزبەکەیان کردبوو.
ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری حیزبە کوردستانییەکانی ڕۆژهەڵات
١٥ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٥/١/٢٠٢٦)