سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات کرد

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات کرد

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات جەختیان لە بەھێزکردنی ھاوکاری لە نێوان ھەردوولادا کرد و زیاتر لە ٣٠ دەستپێشخەرییان ڕاگەیاند بە سوود وەرگرتن لە شارەزایی ئیمارات لە بوارەکانی، سیستەمی بەڕێوەبردن و بەرزکردنەوەی ئاستی حکوومی.

سێشەممە ٢١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی دەوڵەتی ئیمارات بە سەرۆکایەتی عەبدۆڵڵا ناسر لووتاە، یاریدەدەری وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و کێبڕکێ کرد.

سەرۆکی حکوومەت، پێزانینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھاوکاری و پشتیوانی بەردەوامی دەوڵەتی ئیمارات و بە تایبەتی سەرۆکی ئیمارات شێخ محەممەد بن زاید ئال نەھیان و جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیران شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەکتووم دەربڕی بۆ ئەنجامدانی بەرنامەی ئاڵوگۆڕی ئەزموونی حکوومی و بەشداریکردنی شارەزایی یەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان.

لەمیانەی گفتوگۆوەکاندا، جەخت لە بەھێزکردنی ھاریکاری لە نێوان ھەردوولادا کرا و زیاتر لە ٣٠ دەستپێشخەرییان ڕاگەیاند بە سوودوەرگرتن لە شارەزایی ئیمارات لە بوارەکانی، سیستەمی بەڕێوەبردن و بەرزکردنەوەی ئاستی حکوومی، کە داشبۆردێکی ناوەندیی بۆ حکوومەتی ھەرێم دابین دەکات بۆ چاودێری کردنی پێشکەوتنەکان لە ھەموو وەزارەتەکاندا، ھەروەھا بڕیاردان باشتر و بەرپرسیارییەتی بەھێز دەکات.

دەستپێشخەری کۆدنووسانی کوردستانیش ڕاگەێندرا، کە ئامانجی ڕاھێنانی ٣٠ ھەزار گەنجە لە بواری کۆدنووسین، زیرەکی دەستکرد و شارەزایی دیجیتاڵی، کە توانای نەوەی داھاتووی داھێنەر و خاوەنکارانی کوردستان بەھێزتر دەکات.

هاوکات شاندی ئیماراتی تیشکیان خستەسەر ئامانجی سەردانەکەیان کە دەستنیشانکردنی بوارەکانی ھاوکاری دوولایەنەیە، لەوانە: ستراتیژی دیجیتاڵکردنی حکوومەت، پێشبینی داھاتوو، وەبەرھێنان و ئابووری، چاودێری تەندرووستی، گۆڕانی کەش وھەوا، فڕۆکەوانی، و پێش خستن و بونیاتنانی توانا مرۆییەکان و بەھێزکردنی زیاتری پەیوەندی دوولایەنە.

ئەم بابەتە 11 جار خوێندراوەتەوە