كۆبووه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی زانكۆ، نووسه‌ران، رۆژنامه‌نووسان، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانان

پەیامی کورد ... كۆبووه‌وه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی زانكۆ، نووسه‌ران، رۆژنامه‌نووسان، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانان
ڕۆژی دووشه‌ممه 20ی تشرینی یەکەمی 2025 له شاری هه‌ولێر، سه‌رۆك مەسعوود بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له مامۆستایانی زانكۆ، نووسه‌ران ، رۆژنامه‌نووسان، ئه‌دیب و هونه‌رمه‌ندان و وه‌رزشوانانی كوردستان كۆبووه‌وه.
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی ووتاریكی پێشكه‌شی ئاماده‌بووان كرد و خۆشحاڵیی خۆی به‌و كۆبوونه‌وه‌یه ده‌ربڕی و باسی له ڕه‌وشی ئێستا و بابه‌تی هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد . له‌وباره‌یه‌وه سه‌رۆك بارزانی رایگه‌یاند هه‌ڵبژاردن پڕۆسه‌یه‌كی دیموكراسییه و گه‌ل ده‌بێ خۆی بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدات و به ئازادانه نوێنه‌رانی خۆی هه‌ڵبژێرێت. هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه به نسبه‌تی ئێمه، هه‌ڵبژاردن مه‌سه‌له‌یه‌كی مه‌بده‌ئییه و بڕوامان پێیه‌تی، له كاتی راپه‌ڕین له مانگی ئاداری ساڵی 1991 له كۆیه من ئه‌و كات داوام كرد كه هه‌ڵبژاردن بكرێت، بۆیه به نسبه‌ت ئێمه شتێكی مه‌بده‌ئییه . هه‌روه‌ها رایگه‌یاند یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد له 1992 له كوردستان ئه‌نجام درا و بووه بناغه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان دابمه‌زرێن، له عێراقیش بۆ یه‌كه‌م جار له مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا له ساڵی 2005 یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی ئازاد كرا دوای ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر ده‌ستوورێك بۆ ئه‌م ووڵاته رێك كه‌وتین.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی سه‌رباری خستنه‌ڕووی تێبینییه‌كانی له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن له عێراق دوای ساڵی 2010، ڕایگه‌یاند له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی به‌شداری له هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ین. سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست ئه‌م هه‌ڵبژاردنه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی عێراق بكه‌وێته سه‌ر ڕێی ڕاست و كار به ده‌ستوور بكرێت.
له‌باره‌ی خه‌بات و قوربانیدان و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند له ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێم كه‌س منه‌تی به ئێمه نه‌كردووه و كه‌سیش ناتوانێت منه‌ت له‌سه‌ر ئێمه بكات، ئه‌مه به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه، به‌رهه‌می فرمێسكی دایكی شه‌هیدانه، به‌رهه‌می ڕه‌نجی ئه‌م میلله‌ته‌یه.
هه‌ر له ووتاره‌كه‌یدا، سه‌رۆك بارزانی باسی له قۆناغی عێراقی نوێی دوای 2003 كرد و ڕایگه‌یاند له دوای 2003 ئێمه به ئیراده‌یه‌كی به‌هێز و نیه‌تێكی زۆر زۆر پاك چووینه به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی عێراقێكی تازه دروست بكرێت و هه‌موو هه‌وڵێكمان دا تا گه‌یشتینه 2005 و ئه‌و ده‌ستووره‌ی كه ئێستا هه‌یه. سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند ئه‌و ده‌ستووره ئه‌وه نیه هه‌موو تموحی ئێمه‌ی تێدا بێت، به‌ڵام ده‌ستوورێكه به‌شی ئه‌وه شتی ئیجابی تێدایه كه ئێمه پێی ڕازی بین و پشتیوانیی لێبكه‌ین، ئێستاش ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستووره جێبه‌جێ بكرێت، ده‌ستوورێكی باشه. سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ستووره جێبه‌جێ كرابا، نه له شوێنه‌كانی تری عێراق و نه له په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا، زۆرێك له‌و كێشانه ڕوویان نه‌ده‌دا. هاوكات سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی ئێمه بینیمان، هێشتا فه‌رهه‌نگی حكوومه‌تی مه‌ركه‌زی زاڵه به‌سه‌ر بیركردنه‌وه له به‌غدا، جه‌ختیشی له‌وه كرده‌وه كه‌متر له ده‌ستوور قبووڵ ناكه‌ین.
سه‌باره‌ت به بابه‌تی نه‌وت و ڕێككه‌وتنی ئێستای سێقۆڵی نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی فیدراڵ و كۆمپانیاكانی نه‌وت، سه‌رۆك بارزانی هیوای خواست ئه‌م ڕێككه‌وتنه سه‌ربگرێت و ببێته بنه‌مایه‌ك بۆ یاسای نه‌وت و گاز و ئه‌م كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكرێت. هه‌روه‌ها له‌باره‌ی مافی ده‌ستوورییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان، سه‌رۆك بارزانی دووپاتی كرده‌وه ئه‌و مافانه ئه‌مانه‌تێكن خوێنیان بۆ دراوه و هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئازیز خوێنیان بۆ ڕشتووه.
هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا سه‌رۆك بارزانی له‌باره‌ی بڕینی بوودجه و مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان ڕایگه‌یاند، لای من و له لای هه‌موو كوردێكی دڵسۆز و ئه‌وه‌ی كه‌مێك ویژدانیشی هه‌بێت، ئازاری نان بڕینی خه‌ڵكی كوردستان كه‌متر نه‌بووه له ئه‌نفال و كیمیاباران.
سه‌رۆك بارزانی له به‌شێكی دیكه‌ی ووتاره‌كه‌یدا ڕووی له ئاماده‌بووان كرد و پێی ڕاگه‌یاندن، چۆن پێشمه‌رگه تیرۆریستانی داعشی تێك‌شكاند، ئێوه‌ش به پێنووس و هزر و بیری خۆتان، به هه‌وڵ و ماندووبوونی خۆتان ده‌بێ شه‌ڕی ئه‌و فه‌رهه‌نگه نامۆیه بكه‌ن كه خه‌ریكه له كوردستان بڵاوده‌بێته‌وه كه تاكی كورد بڕوای به‌خۆی نه‌مێنێت و گه‌نجی كورد سۆز و هەست و باوەڕی بۆ نیشتمانه‌كه‌ی نه‌مێنێت.
سه‌رۆك بارزانی هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه دا کە هه‌وڵ ده‌درێت نه‌هێشتنی بیری نه‌ته‌وه‌یی و نائومێدی له‌ناو میلله‌تی ئێمه‌دا بڵاوبكه‌نه‌وه، ئه‌و فه‌رهه‌نگه ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی كه ئێمه هه‌مانه و شانازی پێوه ده‌كه‌ین كه پێكه‌وه‌ژیانه، خه‌ریكه به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ش نه‌هێڵن، بۆیه ده‌بێ هه‌مووان ڕووبه‌ڕووی ئه‌م پیلانه ببنه‌وه و نه‌هێڵن سه‌ربگرێت.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی باسی له پێشكه‌وتنه‌كانی كوردستان كرد له بواره‌كانی په‌روه‌رده، خوێندنی باڵا، ئاوه‌دانی، كاره‌با، ڕێگه‌وبان و درووستكردنی به‌نداو و پۆنده‌كان. باسیشی له گرینگی و بابه‌خی پاراستنی ژینگه و ژینگه‌پارێزی كرد و داوای كرد هه‌موو لایه‌ك هاوكار بن له زیاتر به‌ره‌وپێشبردنی ژینگه‌پارێزی و پاراستنی سرووشتی كوردستان . سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به گرینگی درووستكردنی به‌ندئاوه‌كان كرد و ڕایگه‌یاند دروستكردنی ئه‌مانه كاریگه‌ریی زۆریان هه‌یه له پاراستنی ئاو و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی قه‌یرانی ئاو له داهاتوودا و ده‌بێ كارێك بكه‌ین خه‌ڵكی كوردستان تووشی كێشه‌ی بێ ئاوی نه‌بێت و ده‌بێ سیاسه‌تێكی ڕاست و درووستی به‌ڕێوه‌بردنی ئاو هه‌بێت .
سەبارەت بە هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆك بارزانی داوای كرد كه هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه به ئارامی و هێمنی و دوور له تووندوتیژی به‌ڕێوه‌بچێت و نابێ ڕێگه بدرێت هیچ شتێكی خراپ ڕووبدات، هه‌ر كه‌سێكیش ئازاده بانگه‌شه‌ی خۆی بكات و ده‌نگ به كێ ده‌دات. ڕاشیگه‌یاند سیاسه‌تی پارتی و سیاسه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه كه بیر له‌وه بكاته‌وه ژێرخانێكی ته‌واو له هه‌موو بواره‌كاندا بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو بنیات بنێت و ده‌بێ كار له‌سه‌ر ئه‌وه بكرێت كه له خزمه‌تی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه بۆ ئه‌وه‌ی ئایینده‌یه‌كی خۆش و گه‌ش و ته‌ندروست بۆ میلله‌ته‌كه‌مان ده‌سته‌به‌ر بكرێت.
له‌باره‌ی ڕه‌وشی ناوخۆی كوردستان و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت، سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند له دوای ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن داوامان له هه‌موو لایه‌نه‌كان كرد حكوومه‌تی بنكه فراوان درووست بكرێت، به‌ڵام هێندێكیان نه‌هاتن و هەندێكیان ووتیان ده‌بینه ئۆپۆزسیۆن، ئه‌مه مایه‌وه له نێوان پارتی و یه‌كێتی. سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی كاری حكوومه‌ت ڕێككه‌وتنی زۆر باش كراوه و به‌رنامه‌یه‌كی زۆر ڕێك وپێكه، پێویسته ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌به‌رچاو بگیرێت و هه‌ر لایه‌نه به پێی ئیستیحقاقی هه‌ڵبژاردنی خۆی پۆست وه‌ربگیرێت و هیوای خواست كه له‌سه‌ر ئه‌مه‌ش ڕێككه‌وتن بكرێت و بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێك بهێندرێت.





