هێڵێکی سەرەکی ئاو مانگی داهاتوو دەگاتە هەولێر

پەیامی کورد ... هێڵێکی سەرەکی ئاو مانگی داهاتوو دەگاتە هەولێر
بەڕێوبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی ھەرێم دەڵێت، مانگی داهاتوو هێڵێکی سەرەکی پڕۆژەی فریاگوزاری هەولێر دەکەوێتە کار و سێ هێڵی دیکەش لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو دەکرێن.
ئاری ئەحمەد، بەڕێوبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێم ڕایگەیاند "کارکردن لە پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر بەردەوامە و لەمانگی داهاتوو یەکێک لە هێڵە سەرەکییەکانی ئاوی هەولێر دەکەوێتە کار و ئاو لە شەقامی ڕەشکین تا شەقامی کۆیە دابین دەکات، هەروەها گەڕەکانی دەرەوەی شەقامی ١٢٠ مەتری و قەزای بنەسڵاوە و دارەتووش سوودمەند دەبن لە هێڵی یەکەمی ئاوی خێرا.
دەشڵێت، "پێشبینی دەکەین لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئەو هێڵە سەرەکییە دەست بە گواستنەوەی ئاو بکات و نیوەی وێستگەی پڕۆژەی ئاوی خێرا دەکەوێتە کار."
لەبارەی تەواوبوونی پڕۆژەکە ئاری ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد "پڕۆژەکە چوار هێڵی ئاو لە خۆ دەگرێت، دوای ئەوەی لەمانگی داهاتوو هێڵێک دەست بە گواستنەوەی ئاو کرد، چاوەڕێ دەکەین ئەو سێ هێڵەی دیکەی بۆ کۆتایی ئەمساڵ تەواوبکرێن ئەویش دەست بە گواستنەوەی ئاو دەکەن بۆ شاری هەولێر، بە تەواوبوونی پڕۆژەی ستراتیژی فریاگوزاری خێرا دەبێتە هۆی بوژانەوەی شاری هەولێر بۆ دابینکردنی ئاو.
ئەم بابەتە 5 جار خوێندراوەتەوە




