پەیامی کورد ... ئاڵمانیاش سەبارەت بە بەڵێنە ئەتۆمییەکانی ڕێژیمی ئێران هاتە دەنگ
ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا لەبارەی پرسە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران ەوە ڕایگەیاند: "لە کۆبوونەوەی داهاتووی شۆرای حوکامی ئاژانسی نێونەتەوەیی ووزەی ئەتۆمی دا، بەرنامەی ئەتۆمی کۆماری ئیسلامی بە بەراورد بە بڕیارنامەی ٢٢٣١ هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت".
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا باسی لەوە کردووە: "ڕاپۆرت و زانیارییەکانی ئاژانس دەرخەری ئەوەیە کە ڕێژیمی تاران بەڵێنە بنەڕەتییەکانی خۆی لەوانەش پاشەکەوتی یۆرانیۆم لە ئاستی پیتێندراوی باڵای پێشێل کردووە".
بە ووتەی ووتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئاڵمانیا ، ڕاپۆرتی ئەم دوایی یانەی ڕافائێل گڕووسی بەڕێوبەری گشتی ئاژانسی نێونەتەوەیی ووزەی ئەتۆمی نیشانی دەدات کە ڕێژیمی تاران لە ڕەوتی پێشێلکارییە بنەڕەتییە ئەتۆمییەکان بەردەوامە.
ئەو بەرپرسە ئاڵمانییە باسی لەوە کردووە سێ ووڵاتی ئەورووپایی وەک ئاڵمان، بەریتانیا و فڕانسا چەندین جار پێشێلکارییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان لەقاو داوە و هەر ئەوەش هۆکاری سەرەکی چالاککردنی مێکانیزمی ماشە بووە.