بانکی ناوەندیی سووریا ڕایگەیاند کارکردن بە دراوە نوێیەکەی سووریا دەستیپێکرد

Dîroka Belavkirin :
بانکی ناوەندیی سووریا ڕایگەیاند کارکردن بە دراوە نوێیەکەی سووریا دەستیپێکرد
پەیامی کورد- دیمەشق... بانکی ناوەندیی سووریا ڕایگەیاند کارکردن بە دراوە نوێیەکەی سووریا دەستیپێکرد

عەبدولقادر حەسریە، پارێزگاری بانکی ناوەندیی سووریا، دوێنێ یەکشەممە ڕایگەیاند کە دراوە نوێیەکەی سووریا خرایە گەڕ.

حەسریە لە میانی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دیمەشقی پایتەخت، وتی: "خستنەگەڕی دراوە نوێیەکە وەک خشتێکی زیادە دەبێت لە ڕێگەی چاکبوونەوەی ئابووریی سووریادا."

هەروەها وتیشی: "هەموو مامەڵەکانی بانکی ناوەندی لەگەڵ سەرەتای ساڵی نوێدا بە دراوە نوێیەکەی سووریا دەبن."

ئاماژەی بەوەش کرد: "میکانیزم و ناوەندەکانی دابەشکردنی دراوە نوێیەکەی سووریمان لە چوارچێوەی پلانێکی ڕووندا کە پێشتر ئامادە کراوە، دەستنیشان کردووە."

ڕوونیشیکردەوە کە: "دەتوانرێت پرۆسەی گۆڕینەوە لە ئەمڕۆوە دەست پێبکات، و ئەم پرۆسەیە بە تەواوی بێبەرامبەرە، هەروەها پرۆسەکانی کڕین و فرۆشتن بە هەردوو دراوە کۆن و نوێیەکە بەردەست دەبن."

حەسریە وتی: "داوا لە هاووڵاتیان دەکەین دەستبەرداری دراوە کۆنەکە نەبن و لە ماوەی پێکەوەبوونی هەردوو دراوەکەدا مامەڵەی پێوە بکەن."

ئاماژەی بەوەش دا کە: "فرۆشیاران پابەند دەکرێن بە مامەڵەکردن بە هەردوو دراوەکە لە ماوەی هاوشانبوونیاندا."

حەسریە جەختی کردەوە کە: "پڕۆسەی گۆڕینەوەی دراوەکە لە ڕێگەی ڕاپۆرتی ڕۆژانەوە چاودێری دەکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکان،" و ڕوونیکردەوە "سیاسەتمان لە گۆڕینەوەی دراوەکەدا پشت بە دیسپلینی دارایی دەبەستێت لەگەڵ پاراستنی قەبارەی نەختینەیی بۆ ڕێگریکردن لە هەڵاوسان."

لە کۆتاییدا وتی: "کاریگەرییە ئەرێنییەکانی گۆڕینەوەی دراوەکە وردە وردە کێشەی نەختینەی دارایی چارەسەر دەکەن،" و ئەوەشی خستە ڕوو کە "متمانە بە بانکی ناوەندی یەکێکە لە گرنگترین هۆکارەکانی چارەسەرکردنی تەنگژەی نەختینەیی."