پەیامی کورد- حەسەکە... هەسەدە دواخستنی سەردانەکەی جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی بۆ دیمەشق بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوە ڕادەگەیەنێت
هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەمڕۆ ڕۆژی دووشەممە، دواخستنی سەردانی جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتی بۆ دیمەشق بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوە ڕاگەیاند.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە تێبینییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "بڕیار بوو ئەمڕۆ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، بە یاوەری شاندی دانوستانکاری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، سەردانی دیمەشق بکات، بەڵام سەردانەکە بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوە دواخرا."
هەروەها زیادی کرد: "کاتێکی نوێ بۆ سەردانەکە لە داهاتوودا دیاری دەکرێت، کە لەسەری ڕێکدەکەون بە هەماهەنگی نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان."
ئەوەشی ڕوون کردەوە: "ئەم دواخستنە لە چوارچێوەی ڕێککاری لۆجستی و تەکنیکی پەیوەست بە سەردانەکەیە، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە ڕێڕەوی پەیوەندییەکان یان ئامانجە پێشنیارکراوەکاندا ڕووی دابێت."