"بۆ بەرپەرچدانەوەی چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا".. ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس تاوتوێی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش دەکەن

Dîroka Belavkirin :
"بۆ بەرپەرچدانەوەی چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا".. ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس تاوتوێی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش دەکەن
پەیامی کورد... "بۆ بەرپەرچدانەوەی چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا".. ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس تاوتوێی پێکهێنانی هێزێکی هاوبەش دەکەن


سەرچاوە ئیسرائیلییەکان دوێنێ شەممە ئاشکرایان کرد کە بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل، یۆنان و قوبرس تاوتوێی ئەگەری پێکهێنانی هێزێکی دەستوەردانی خێرا دەکەن کە لە یەکەکانی هێزە چەکدارەکانی ئەو سێ وڵاتە پێکدێت، بە مەبەستی "بەرپەرچدانەوەی چالاکییە سەربازی و ستراتیژییەکانی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست".

سێ سەرچاوەی ئاگادار بە ڕۆژنامەی "جێروزالم پۆست"ی ئیسرائیلییان ڕاگەیاندووە: "دەسپێشخەرییە ئەمنییەکە هێشتا لە قۆناغە سەرەتایییەکانی پێداچوونەوە و پلانداناندایە، و ئامانجی بەهێزکردنی هاوکارییە سەربازییە ستراتیژییەکانی نێوان هەر سێ وڵاتە لە سایەی زیادبوونی گرژییە ناوچەیییەکاندا".

ئاماژەیان بەوەش کردووە کە "ئەم هێزە نابێتە یەکەیەکی هەمیشەیی، بەڵکو یەکەیەک دەبێت کە دەتوانرێت لە کاتی قەیرانەکاندا بە خێرایی لە ڕێگەی وشکانی، دەریا یان ئاسمانەوە بڵاوەی پێ بکرێت".

بەپێی سەرچاوەکان، بڕیارە هەفتەی داهاتوو "کیریاکۆس میتسۆتاکیس" سەرۆک وەزیرانی یۆنان و "نیکۆس خریستۆدۆلیدیس" سەرۆکی قوبرس، بگەنە ئیسرائیل بۆ بەستنی لوتکەیەک لەگەڵ "بنیامین نەتانیاهۆ" سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەفتەکانی ڕابردوودا چەندین کۆبوونەوە دەربارەی ئەم بابەتە ئەنجام دراون.

لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا، نووسینگەی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاندبوو کە لیوا "ڕۆمان گۆفمان" سکرتێری سەربازی و "جێل ڕایش" سەرپەرشتیاری ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی، لە یۆنان "کۆبوونەوەیان لەگەڵ هاوتا یۆنانییەکانیان" ئەنجام داوە بۆ تاوتوێکردنی پرسە سیاسی و ناوچەیییەکان.

هاوکات ماڵپەڕی هەواڵی "تانیا"ی یۆنانی بڵاوی کردووەتەوە کە "ئەو پڕۆژەیەی تاوتوێیان کردووە پێکهێنانی یەکەیەک لەخۆدەگرێت کە لە نزیکەی ٢٥٠٠ کەس پێکدێت؛ بە جۆرێک کە ١٠٠٠ سەرباز لە هەریەک لە یۆنان و ئیسرائیل، و ٥٠٠ سەربازیش لە قوبرس دابین دەکرێن."