پەیامی کورد- دێرەزۆر ... چالاکیی چڕی ئاسمانی و جووڵەی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور
گوندەواری ڕۆژهەڵاتی پارێزگای دێرەزووری سووریا، ئێوارەی دوێنێ شەممە، چالاکییەکی سەربازیی چڕی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەخۆیەوە بینی، کە فڕینی فڕۆکە لە ئاستێکی نزم و جووڵەی کاروانی سەربازیی زەمینی لەخۆگرتبوو، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا.
سەرچاوەیەکی خۆجێی بۆ پەیامی کورد ڕایگەیاند: "فڕۆکە جەنگییەکانی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئاسمانی ناوچەکەدا و لە بەرزایییەکی زۆر نزمدا دەستیان بە جووڵە کردووە، بە جۆرێک دەنگیان بە ڕوونی لە شارۆچکەکانی بەسیرە، شەحێل، و زیبان تا دەگاتە شارۆچکەی باگۆزی سنووری بیستراوە."
ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم فڕینە بووەتە هۆی دروستبوونی دۆخێکی چاوەڕوانی و وریایی لە نێوان دانیشتووانی ناوچە ئاوەدانەکاندا، ئەمەش بەهۆی چڕیی چالاکییە ئاسمانییە نائاسایییەکە."
لە هەمان چوارچێوەدا، سەرچاوە ناوخۆیییەکان ڕاگەیاندووە کە "کاروانێکی سەربازی پێکهاتوو لە ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی سەر بە هێزەکانی هاوپەیمانان بینراوە، کە بە ڕێگای شارۆچکەکانی زیبان و تەیانەدا بەرەو گوندەواری ڕۆژهەڵات تێپەڕیوە، لە ناوەڕاستی ڕێوشوێنی ئەمنیی تونددا."
ئەم جووڵانە لە کاتێکدایە کە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتی "عومەر" و کارگەی گازی "کۆنیکۆ" لە حاڵەتی ئامادەباشی ئەمنیی بەرفراواندان. بەپێی سەرچاوەکان، پێشبینی دەکرێت ئەم جووڵە ئاسمانی و زەمینییانەی ئێستا وەک ئامادەکارییەک بن بۆ ئۆپەراسیۆنی هەڵکوتانە سەر یان دابەزینی ئاسمانی (ئینزال) کە شانە نوستووەکان لە گوندەواری ڕۆژهەڵاتی پارێزگاکەدا بکەنە ئامانج.