پەیامی کورد- دیمەشق... بەڕێوەبەریی خۆسەر: لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ دیمەشق هیچ پێشکەوتنێک نییە
دکتۆر عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەریی خۆسەر بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دیمەشق، ئەمڕع یەکشەممە، جەختی کردەوە کە مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلی کورد و پەیڕەوکردنی ڕێبازی لامەرکەزی و هاوبەشیی نیشتمانی لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا، دەروازەی سەرەکییە بۆ هەر ڕێککەوتنێکی سیاسیی داهاتوو لە نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات و دیمەشق. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بارودۆخی ئێستا ئاماژە نییە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر بەر لە کۆتایی ساڵ، سەرەڕای ئەوەی پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی نوێ ئەنجام بدرێت.
عومەر ڕاگەیاند: "جۆرێک لە چەقبەستوویی لە گفتوگۆکاندا لەگەڵ دیمەشق هەیە، هەرچەندە پێشبینیمان دەکرد دوای گەڕانەوەی سەرۆکی گواستنەوە، ئەحمەد شەرع لە واشنتۆن، کۆبوونەوەیەکی ئاست بەرز لە نێوان (هەسەدە) و بەڕێوەبەریی خۆسەر و دەسەڵاتی گواستنەوە بە ئامادەبوونی لایەنی ئەمریکی ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی کە دۆسیەی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازار لە میانی گفتوگۆکانی شەرع لەگەڵ سەرۆک ترەمپدا خرابووە ڕوو، هاوکات لەگەڵ گرێدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی کە وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و سوریا و تورکیای لەخۆ دەگرت". وتیشی: "بەداخەوە ئەو دیدارە بە هۆکارگەلێک کە بۆ ئێمە ڕوون نین، ئەنجام نەدرا".
ناوبراو وتیشی: "لە ١٠ی ئازارەوە تا ئەمڕۆ، هیچ دانوستانێکی جددی بۆ جێبەجێکردنی بەندەکانی ڕێککەوتننامەکە لەسەر ئەرز ئەنجام نەدراوە. ئەوەی ڕوویدا تەنها دیدارگەلێک بوون کە کەشێکی ئەرێنییان هەبوو بەڵام لە چوارچێوەی تیۆریدا مانەوە، و پێمان وایە دەسەڵاتی کاتی بەرپرسیارە لە پەکخستنی جێبەجێکردنەکە، بەهۆی هۆکارگەلێکی تایبەت بە خۆیان و ڕەنگە بەهۆی فشارەکانی تورکیاوە بێت".
عومەر وتی: "لەسەر بنەمای ئەوە، پێمان وایە ئەو مۆڵەتەی دیاری کراوە تا کۆتایی ساڵ بەش ناکات بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی تەواو، لەگەڵ مانەوەی ئەگەری بەستنی کۆبوونەوەیەک لە ڕۆژانی داهاتوودا. ئێمە لەگەڵ درێژکردنەوەی مۆڵەتەکە و دۆزینەوەی چارەسەرین بۆ هەموو خاڵە ناکۆکەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە، و لەگەڵ هیچ بژاردەیەکی سەربازیدا نین".
ئەو بەرپرسە جەختیشی کردەوە کە "دەسەڵات لە دیمەشق تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی ئەرێنی لەسەر ئاستی سیاسی بەرامبەر داواکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نەناوە، بەڵکو دەکرێت بڵێین ئەوەی ڕوویدا پێچەوانەی ڕوحی ڕێککەوتننامەی ١٠ی ئازار بوو، ئەوەش کاتێک دوای دوو ڕۆژ لە واژۆکردنی، بە دەرکردنی ڕاگەیاندنی دەستووری پێشێلکرا کە مافەکانی گەلی کورد و پرەنسیپی بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی لە قۆناغی گواستنەوەدا پشتگوێ دەخات، کە ڕاگەیاندنەکە ماوەکەی بە پێنج ساڵ دیاری کردووە و دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری بە کەسی سەرۆکی قۆناغی گواستنەوەوە گرێداوە، بەبێ ئەوەی ئەوەی لەسەری ڕێککەوتووین لەخۆ بگرێت".
عومەر ئاماژەی بەوەش کرد کە "ئەم ڕێوشوێنە تاکلایەنانە ڕەنگدانەوەی ئاراستەیەکن بەرەو تاکڕەوی لە دەسەڵات و ڕەتکردنەوەی پرەنسیپی هاوبەشی، بۆیە ئەوەی لە دەسەڵاتی گواستنەوە داوا دەکرێت پێداچوونەوەیە بە ڕاگەیاندنی دەستووری، و قبوڵکردنی پرەنسیپی هاوبەشیی سیاسی کە ڕێگە بە پێکهاتە جیاوازەکانی گەلی سوریا دەدات بەشداربن لە بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە و داڕشتنی ئایندەی وڵات".
نوێنەری بەڕێوەبەریی خۆسەر بۆ باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە دیمەشق، جەختی کردەوە کە "چارەسەرکردنی پرسی کورد توخمێکی بنەڕەتییە لە هەر یەکلاکردنەوەیەکی سیاسیی دادپەروەرانەدا، و دانپێدانانی دەستووری بە مافە نەتەوەیی و کولتووری و سیاسییەکانی گەلی کورد مەرجێکی پێویستە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی درێژخایەن".