پەیامی کورد ... دانیمارک داوا لە ئەمریکا دەکات ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی گرینلاند بگرێت دوای ئەوەی نەخشە بە ڕەنگی ئاڵای ئەمریکا بڵاوکرایەوە
🔸نەخشەکە لەلایەن هاوسەری ستیڤن میلر جێگری سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی بڵاوکراوەتەوە و بە ووشەی "بەم زووانە دێت" واژووی لەسەر کردووە. سۆرێنسن، دیپلۆماتکاری دانیمارکی، دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا و دانیمارک هاوپەیمانی ناتۆن و واشینتۆن دەبێت ڕێز لە یەکپارچەیی خاکی شانشینی دانیمارک بگرێت.
جێسپەر موولر سۆرێنسن، باڵیۆزی دانیمارک لە واشینتۆن، دوای پەیامێک کە هاوسەری بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا لە ڕێگەی ئۆنلاین ەوە بڵاویکردەوە، بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.
کەتی میلر، هاوسەری ستیڤن میلر یاریدەدەری سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ سیاسەت، وێنەیەکی گرینلاندی بە ڕەنگی ئاڵای ئەمریکا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوکردەوە و نووسیویەتی : بەم زووانە دێت. بڵاوبوونەوەی ئەو پۆستە بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕەنگە گرینلاند لەلایەن ئەمریکاوە بخرێتە ژێر دەسەڵاتی ئەو ووڵاتە .
لە بەرامبەردا سۆرێنسن، باڵیۆزی دانیمارک لە ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەمریکا و دانیمارک هاوپەیمانی نزیکن، ئاماژەی بەوەش کرد: پێشبینی دەکەین سەروەری شانشینی دانیمارک بە تەواوی ڕێزی لێ بگیرێت. دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشتر خواستی خۆی بۆ لکاندنی گرینلاند دەربڕی بوو و لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەم دا ڕایگەیاندبوو کە نوێنەری تایبەت بۆ ئەم بەشە ئۆتۆنۆمی خاکی دانیمارک دیاری دەکات. ئەم کارانە جارێکی دیکە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەردوو ووڵاتی پەرەپێداوە. بڵاوبوونەوەی ئەو بابەتە دوای ئۆپراسیۆنی ئەمریکا لە ڤەنزۆئێللا هات. شارەزایان پێیان وایە کە پێشهاتەکانی ڤەنزۆئێللا و ئەو لێدوانانەی سەبارەت بە گرینلاند دەدرێن، پەیامێکە کە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر بە ناوچە ستراتیژییەکان نیشان دەدات.