"سێنتکۆم" گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق ڕادەگەیەنێت

Dîroka Belavkirin :
"سێنتکۆم" گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق ڕادەگەیەنێت
پەیامی کورد... "سێنتکۆم" گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق ڕادەگەیەنێت

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، دوێنێ چوارشەممە ڕایگەیاند، کە دەستبەسەرکراوانی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق دەگوازرێنەوە.

لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چەندین زیندان هەن کە دەستبەسەرکراوانی داعشی تێدایە، زۆربەیان لە حەسەکە و شارەکانی دەوروبەرین و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)وە دەپارێزرێن.

ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا گەواهی پێکدادان و شەڕی توندن لەنێوان هێزەکانی حکومەت و هەسەدە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کەلێن لە دۆخی ئەمنیی کەمپ و زیندانەکانی نیشتەجێی دەستبەسەرکراوان و خێزانەکانی داعش، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییەکی بەرچاوی ئەمریکا لە سیاسەتەکانیدا بەرامبەر بە هاوپەیمانەکانی.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی: "لە ٢١ی کانوونی دووەمدا ئەرکێکی نوێمان دەستپێکرد بۆ گواستنەوەی دەستبەسەرکراوانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق، ئەوەش بۆ دڵنیابوون لە مانەوەی تیرۆریستان لە ناوەندی دەستبەسەرکردنی پارێزراودا".

ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەرکی گواستنەوەکە هاوکات لەگەڵ سەرکەوتنی هێزە ئەمریکییەکان لە گواستنەوەی ١٥٠ چەکداری داعش دەستیپێکردووە کە لە ناوەندێکی دەستبەسەرکردن لە حەسەکەی سووریا بوون، بۆ شوێنێکی پارێزراو لە عێراق.

ڕوونیشی کردەوە، پێشبینی دەکرێت کۆی ژمارەی دەستبەسەرکراوانی داعش کە لە سووریاوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لەژێر کۆنترۆڵی عێراقدا دەگوازرێنەوە، بگاتە ٧٠٠٠ دەستبەسەرکراو.

لەلایەن خۆیەوە، ئەدمیراڵ براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا، ڕایگەیاند: "ئێمە بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکانمان، لەنێویاندا حکومەتی عێراق، کار دەکەین و پێزانینمان بۆ ڕۆڵی ئەوان هەیە لە دەستەبەرکردنی شکستی کۆتایی داعش".

وتیشی، ئاسانکاری بۆ گواستنەوەی ڕێکخراو و پارێزراوی دەستبەسەرکراوانی داعش "کارێکی زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە هەر هەڵاتنێک کە ببێتە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئاسایشی ناوچەکە".

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، هێزە ئەمریکییەکان و هێزەکانی هاوپەیمانان زیاتر لە ٣٠٠ ئەندامی داعشیان لە سووریا دەستگیرکردووە، و زیاتر لە ٢٠ ئەندامیشیان لە هەمان ماوەدا کوشتووە.