پەیامی کورد... سەرۆک وەزیرانی لوبنان پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی میسر کرد و هەردوولا جەختیان لە پەرەپێدانی هاوکارییەکان کردەوە
دکتۆر نەواف سەلام، سەرۆک وەزیرانی لوبنان، پێشوازی لە دکتۆر مستەفا مەدبوولی، سەرۆک وەزیرانی میسر کرد و ڕێوڕەسمی پێشوازییەکی فەرمی بۆ سازکرا. لە ڕێوڕەسمەکەدا سروودی نیشتمانی هەردوو وڵاتی لوبنان و میسر لەلایەن موزیکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆوە ژەندرا، پاشان هەردوو سەرۆک وەزیران پاسەوانی شەرەفیان بەسەرکردەوە و لەگەڵ ئەندامانی شاندە فەرمییەکانی هەردوو وڵات تەوقەیان کرد.
دواتر هەردوو سەرۆک کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدا و تێیدا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان هەردوو وڵات کرد. پاشان دکتۆر مەدبوولی واژۆی لەسەر تۆماری زێڕین کرد.
دواتر وتووێژی فراوان لە نێوان شاندە لوبنانی و میسرییەکان بە سەرۆکایەتی هەردوو سەرۆک وەزیران بەڕێوەچوو.
نەواف سەلام ڕایگەیاند کە لەگەڵ هاوتا میسرییەکەی باس لە "کارە لەپێشینەکانی هاوکاری لە چەندین مەلەفی گرنگدا" کراوە و جەخت لەسەر پێویستی بەدواداچوون بۆ ڕێککەوتنەکان کراوەتەوە. ناوبراو پەیوەندی نێوان لوبنان و میسری بە "زیاتر لە ئاڵوگۆڕی بەرژەوەندی" وەسف کرد و وتی: "ئەمە مێژوویەکی هاوبەشە کە دەمانەوێت بۆ داهاتووی بەرین". هەروەها ستایشی گرنگیدانی مەدبوولی کرد بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ دەستە ئابوورییەکان بە مەبەستی بەهێزکردنی پەیوەندی نێوان کەرتی تایبەتی هەردوو وڵات، و سوپاسی ڕۆڵی میسری کرد لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل لە باشووری لوبنان.
لەلایەن خۆیەوە مەدبوولی وتی: "پشتیوانی هەوڵەکانی حکومەتی لوبنان دەکەین بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەیدا و ستایشی هەوڵەکانی سەرۆک جۆزێف عون و نەواف سەلام دەکەین بۆ چەسپاندنی سەقامگیری". جەختیشی کردەوە کە "میسر بە چاوی پایەیەکی سەرەکی سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی عەرەبی سەیری لوبنان دەکات و کار دەکەین بۆ ئەوەی دوور بێت لە هەر گرژییەک".
مەدبوولی ئاماژەی بەوەش کرد کە "دەوڵەتی بەهێز گەرەنتی و شەرعییەتە" و زیادی کرد: "جەختم لە هەڵوێستی نەگۆڕی میسر کردەوە لە پشتیوانیکردنی لوبنان و دووبارە ڕەتکردنەوەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل و داگیرکردنی چەند خاڵێک لە باشوور ڕادەگەیەنین".