نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر نەخشەڕێگایەک ڕێکبکەون

Dîroka Belavkirin :
نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر نەخشەڕێگایەک ڕێکبکەون
پەیامی کورد... نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر نەخشەڕێگایەک ڕێکبکەون

ڕۆزماری دیکارلۆ، بریکاری ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سیاسی، دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند: "پێویستە حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر نەخشەڕێگایەک ڕێکبکەون."

ناوبراو لە میانی وتارێکدا لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دۆخی سوریا وتی: "گرژییەکان و گوتاری ڕق و کینە، دۆخەکەیان لەنێوان لایەنە جیاوازەکانی سوریادا تێکداوە."

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە دیالۆگ لەنێوان هەموو پێکهاتەکانی سوریادا بۆ ئاسایشی سوریا و ناوچەکە کارێکی پێویستە.

دیکارلۆ ڕوونیکردەوە کە دۆخی سوریا لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و سوریا هەنگاوێکی گەورەی بڕیوە بۆ تێکەڵبوونەوە بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەش کرد کە زیاتر لە ملیۆنێک سوری گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

جەختیشی کردەوە کە گەلی سوریا "هیوای بە داهاتوو هەیە و ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵنگارییانەی دێنە پێشی، نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە تەنیشتیان دەوەستێت."

لە تەوەرێکی دیکەدا، ئەو بەرپرسەی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: "دەستوەردان و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ ناو سوریا گرژییە ئەمنییەکان خراپتر دەکات، پێویستە ئیسرائیل لە پێشێلکردنی سەروەری سوریا و پارێزبەندی خاکەکەی دووربکەوێتەوە."