پەیامی کورد ... لووفت هانزا : تا چەند مانگی داهاتوو هیچ گەشتێکمان بۆ تاران نابێت
ووتەبێژی کۆمپانیای لووفت هانزا ڕایگەیاند کە تا ٩ی خاكەلێوەی ١٤٠٥ "هیچ گەشتێکمان بۆ تاران و لە تارانەوە نابێت".
ئەو بڕیارە بەهۆی کێشە ئەمنییەکان و هۆشدارییەکی دەزگای سەلامەتی فڕۆکەوانی ئەورووپا و بارودۆخی ناسەقامگیری ناوچەکە دراوە.
هەروەها ئاژانسی سەلامەتی فڕۆکەوانی یەکیتی ئەورووپا ڕۆژی هەینی ٢٦ی بەفرانبار، ئاگاداری دایە هێڵە ئاسمانییەکان کە خۆیان لە فڕین لە ئاسمانی ئێران بەدوور بگرن، ئەمەش دوای هەڕەشەکانی پەیوەندیدار بە ئەگەری هێرشەکانی ئەمریکا هات.
گرووپی لووفت هانزا ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە خۆیان لە فڕین بە ئاسمانی ئێران و عێراق بەدوور دەگرن، بەڵام دواتر ووتەبێژی کۆمپانیاکە ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی سێشەممە ٣٠ بەفرانبار "رێڕەوێکی ئاسمانی عێراق" بەکاردەهێنرێت.
ئاژانسی فرانس پرێس بە پشت بەستن بە ووتەبێژی لووفت هانزا نووسیویەتی، هێڵی ئاسمانی نەمسا کە بەشێکە لە گرووپی لووفت هانزا، لانیکەم تا ٢٧ی ڕەشەمەی ١٤٠٤ هیچ گەشتێک بۆ تاران ناکات.