نەتەوە یەکگرتووەکان: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە سەدان سووری کوژراون

Dîroka Belavkirin :
نەتەوە یەکگرتووەکان: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە سەدان سووری کوژراون
پەیامی کورد- دیمەشق... نەتەوە یەکگرتووەکان: لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە سەدان سووری کوژراون

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوانەی حکومەتی کاتی سووریا بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکانی ڕابردوو گرتوویەتیەبەر، تەنها سەرەتایەکە بۆ ڕێگەیەکی دوورودرێژ بەرەو دادپەروەری و سەقامگیری، ئاماژەشی بەوە کرد کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە سەدان سووری کوژراون.

لە ڕاپۆرتێکدا دوێنێ هەینی وتی: "سووریا لە ماوەی چەند ڕۆژێکی کەمدا ئامادەکاری دەکات بۆ یادکردنەوەی یەکەمین ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، وێڕای ئەوەی هەنگاوی ناوە بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکانی ڕابردوو، بەڵام ئەم ڕێوشوێنانە تەنها سەرەتایەکن بۆ ڕێگەیەکی درێژ بەرەو دادپەروەری و سەقامگیری".

سەمین خەیتان، وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان وتی، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی سووریا دوو دەستەی نیشتمانی بۆ دادپەروەریی ئینتیقالی و بێسەروشوێنبووان دامەزراندووە، جگە لە دوو لیژنە بۆ لێکۆڵینەوە لە توندوتیژییەکان لە ناوچەکانی کەناراوەکان و سوەیدا، بەڵام نەتەوە یەکگرتووەکان هێشتا چیرۆکی تۆقێنەر دەبیستێت دەربارەی "لە سێدارەدان بەبێ دادگایی و کوشتنی هەڕەمەکی و ڕفاندن، کە کۆمەڵگای دیاریکراو و کەسانێکی کردووەتە ئامانج کە تۆمەتبارن بەوەی سەر بە ڕژێمی پێشوو بوون".

خەیتان ڕوونیکردەوە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووەوە سەدان کەس کوژراون، لە هێرشەکاندا بە چەکی ئاگرین و چەقۆ و بەرد، جگە لە بۆردومان و نارنجۆکی دەستی.

بەپێی وتەی وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، ئەم پێشێلکارییانە دراونەتە پاڵ "هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتی کاتی و گرووپە لایەنگرەکانیان، توخمەکانی پەیوەست بە حکومەتی پێشوو و گرووپە چەکدارە ناوخۆییەکان و کەسانی نەناسراو، هەروەها ئەو گیانلەدەستدانانەی بەهۆی پاشماوە تەقەمەنییەکانی جەنگەوە بوون".

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە کرد کە چاودێریی "پێشێلکارییان کردووە کە بریتی بوون لە توندوتیژی سێکسی، دەستگیرکردنی هەڕەمەکی، تاڵانکردن، وێرانکردنی خانوو، دەرکردنی بەزۆر و دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵ، لەگەڵ سنووردارکردنی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە".

سەبارەت بە تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی پێشوو لەناو هێزە ئەمنییە نوێیەکاندا، خەیتان وتی پڕۆسەکە بە پەلە و بەبێ وردبینی لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە "چاکسازی دروست لە کەرتی ئەمنی پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە تێکەڵبوونی ئەنجامدەرانی پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی یاسای نێودەوڵەتی لەناو دەزگا ئەمنییەکاندا".