پەیامی کورد- قامیشلۆ... هەسەدە سازکردنی هەر ئاهەنگێک بە بۆنەی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە ناوچەکانی قەدەغە دەکات
دەستەی ناوخۆی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، سەر بە هێزەکانی سوریای دیموکرات، ئەمڕۆ شەممە، گشتاندنێکی دەرکرد کە تێیدا ئەنجامدانی هەرجۆرە کۆبوونەوە و چالاکییەکی جەماوەری یان کۆمەڵایەتی لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێمەکە بۆ ڕۆژانی ٧ و ٨ی ئەم مانگە قەدەغە کرد، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد-دا.
گشتاندنەکە ڕوونیکردووەتەوە کە بڕیارەکە لە سایەی "بارودۆخی ئەمنیی هەنووکەیی و زیادبوونی چالاکی شانە تیرۆریستییەکان کە هەوڵی دروستکردنی ئاژاوە و فیتنە دەدەن" دەرکراوە، و جەختیشی کردەوە کە ئامانج لەم هەنگاوە پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتییان و ئاسایش و ئاشتیی ناوخۆییە.
هەروەها گشتاندنەکە قەدەغەکردنی تەقەکردن و یارییە ئاگرینەکانیشی لەخۆگرتووە و سەرپێچیکار ڕووبەڕووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێتەوە، هاوکات لایەنە ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە بۆ گرتنەبەری ڕێکارە پێویستەکان بۆ مسۆگەرکردنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
دەستەی ناوخۆ بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی ئاڕاستەی گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و سەرجەم سورییەکان کرد، و هیواخوازە قۆناغێک بێت کە "سوریا تێیدا بە دیموکراسی و فرەیی و هاوبەشی لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی لامەرکەزیدا گەشە بکات".