سوپای پاسدارانی ئێران دوێنێ دووشەممە هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە ئیسرائیل کرد لە بەرامبەر تیرۆرکردنی عەلی هەیسەم تەباتەبایی، ڕێبەری حزبوڵای لوبنان و جەختی لەوە کردەوە کە "وەڵامێکی چەقێنەر چاوەڕوانی دەستدرێژکارە لە کاتی دیاریکراودا".
ڕۆژی یەکشەممە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە سوپای ئیسرائیل هێرشێکی لە دڵی بەیرووتی پایتەختی لوبنان دەستپێکردووە و تەباتەبایی سەرۆکی ئەرکانی حزبوڵای لوبنان کردووەتە ئامانج. دوای چەند کاتژمێرێک حیزب ماتەمینی بۆ ئەو سەرکردە دیارە گێڕا.
سوپای پاسدارانی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تیرۆرکردنی ئیسرائیل بۆ سەر هەیسەم عەلی تەباتەبایی، سەرۆکی حزبوڵڵای ئیدانەی کرد، کە ڕۆژی یەکشەممە لە هێرشێکی ئاسمانیدا کردە ئامانج.
لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاندووە کە "کیانەکەی ئیسرائیل یەکێک لە سەرکردە چەسپاوەکانی حزبوڵا، شەهید هەیسەم عەلی تەباتەبایی کردە ئامانج"، ئەم “کردەوە ترسنۆکانە بە بەڵگەی لاوازی و بێتوانایی دوژمنێک کە لە بەرامبەر ئیرادەی گەلانی ناوچەکە و میحوەرەکەی بەرخۆدان گەیشتووەتە بنبەست".
لە درێژەدا ئاماژەی بەوەدا کە ئۆپەراسیۆنەکە "پێشێلکردنی ئاگربەست پێکدەهێنێت"، ئاماژەی بەوەشکردووە: "مافی میحوەری بەرخۆدان و حزبوڵای لوبنانی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە خوێنی شەهیدان پارێزراوە و دەستدرێژکاری تیرۆریستیش لە کاتی گونجاودا ڕووبەڕووی وەڵامێکی چەقێنەر دەبێتەوە".