پزیشکیان خۆپیشاندەرانی بە "تیرۆریست" ناوبرد ؛ هاودەنگی سەرۆکی دەوڵەت لەگەڵ ئامێری سەرکوتکردنی کۆماری ئیسلامی

Dîroka Belavkirin :
پزیشکیان خۆپیشاندەرانی بە "تیرۆریست" ناوبرد ؛ هاودەنگی سەرۆکی دەوڵەت لەگەڵ ئامێری سەرکوتکردنی کۆماری ئیسلامی
پەیامی کورد    ...   پزیشکیان خۆپیشاندەرانی بە "تیرۆریست" ناوبرد؛ هاودەنگی سەرۆکی دەوڵەت لەگەڵ ئامێری سەرکوتکردنی کۆماری ئیسلامی

مەسعوود پزشكیان، سەرۆككۆماری دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی لە یەکەم هەڵوێستی ئاشکرای خۆیدا سەبارەت بە ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکانی ئەم دواییە لە ئێران، بە دووبارە كردنەوەی ئەدەبیاتی ئەمنییەتی حكوومەت، خۆپیشاندەرانی بە "ئاژاوەگێڕ" و "تیرۆریست" ناوبرد و خوازیاری ووڵامدانەوەی " یەکلاکەرەوە"ی هێزە ئەمنییەکان بۆ خەڵک بوو.

ناوبراو لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی دا کە ڕۆژی یەکشەممە ١١ی بەفرانبار پەخش كرا، بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەو ناڕەزایەتیانەی لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە لە شارە جۆربەجۆرەکانی ئەو ووڵاتە تووندتر بوون، بە "فەرمانی ئەمریکا و ئیسرائیل" سەرپەرشتی دەکرێن و تەنانەت باسی لە هاتنی "تیرۆریستی ڕاهێنراو" بۆ ئێران کرد؛ بانگەشەیەک کە بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتەڕوو و پێشتریش چەندین جار لە لایەن بەرپرسانی ئەمنی کۆماری ئیسلامی یەوە دووبارە کراونەتەوە.

ئەم هەڵوێستە درێژەی هەمان ڕیوایەتی فەرمی حكوومەتە کە لەبری گوێ گرتن لە داواکاری خەڵکی ناڕازی، هەوڵ دەدات بە ناونان و درووست کردنی دوژمن، سەرکوتکردنی تووندوتیژی شەقامەکان پاساو بداتەوە. گێڕانەوەیەک کە تێیدا هاووڵاتییانی ناڕازی وەک "دوژمن" دەناسێندرێن و بەرپرسیارییەتی ڕاستەوخۆی حکوومەت لە کوشتن و سەرکوتکردن ڕەت دەکرێتەوە.