پەیامی کورد- دیمەشق
سەرچاوە خۆجێییەکان یەمڕۆ شەممە بە پەیامی کوردیان ڕاگەیاند، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل بەیانی ئەمڕۆ بە بەکارهێنانی دوو تانک و دوو ئۆتۆمبێلی سەربازی، لە خاڵی "تەل ئەحمەر"ی ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو "تەل ئەحمەر"ی ڕۆژئاوا لە گوندەواری باشووری قونەیترە پێشڕەوییان کرد.
لە ماوەی کاتژمێرەکانی ڕابردوودا، گوندەواری قونەیترە زنجیرەیەک پێشڕەویی بەخۆیەوە بینی کە هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە چەندین میحوەردا ئەنجامیان دا، لەوانە "تەل ئەحمەر" و شارۆچکەکانی نزیکی، ئەوەش لەگەڵ بوونی جووڵەی سەربازیی هاوکات و هەڵکردنی ئاڵای ئیسرائیل لە یەکێک لە خاڵەکاندا.
هەمان سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوەش کرد کە جووڵەکان هاوکات بوون لەگەڵ چوونی دەورییەک بۆ ناو گوندی "عەین زیوان"، کە ڕێگای بەرەو "ئەبو قوبەیس"ی لە گوندەواری باشوور گرتەبەر، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت لە ناوچەکە کشایەوە، ئەمەش لە سایەی ترس و نیگەرانیی دانیشتووان لە فراوانبوونی چالاکیی سەربازیی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا.
ئێوارەی دوێنێ هەینیش، دەورییەکی ئیسرائیلی کە لە شەش ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکهاتبوو، دزەیان کردە ناوچەکە و لە شارۆچکەکانی "بئر عجم، بەرێقە و گوندەکانی زوبەیدەی ڕۆژئاوا" لە گوندەواری ناوەڕاستی قونەیترە جووڵەیان کرد، پێش ئەوەی بەرەو یەکێک لە خاڵە سەربازییەکان بگەڕێنەوە.