پەیامی کورد ... پەیامی ناتانیاهوو بە ڤیتكاف : ڕژێمی ئێران پابەند نابێت بە ڕێککەوتن؛ چەندین جار سەلماندوویەتی كە بەڵێنەکانی درۆن
لە دیدارێکدا لەگەڵ ستیڤ ڤیتکاف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، بێنیامین ناتانیاهوو ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە ڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە بە دووری دەزانێت کۆماری ئیسلامی پابەندی هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری بێت.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ١٤ی ڕێبەندان لە بەیاننامەیەکی فەرمی دا ڕایگەیاند کە لەو دانیشتەندا ناتانیاهوو "هەڵوێستی خۆی ڕوون کردووەتەوە و ڕوونی كردووەتەوە کە کۆماری ئیسلامی چەندین جار سەلماندوویەتی کە بەڵێنەکانی جێی متمانە نین".
لە کۆبوونەوەکەدا دەیڤید بارنیا (بەڕێوبەری مووساد)، یسرائیل کاتز (وەزیری بەرگری)، و ئیال زەمیر (سەرۆکی ئەرکانی سوپا) ئامادە بوون; نیشانەی ئاستی بەرزی هەماهەنگی و جیددی ئیسرائیل لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی ئەتۆمی و مووشەکی کۆماری ئیسلامی.
هاوکات سەرچاوە ئێرانییەکان بۆ ڕۆیتەرزیان ئاشکرا کرد کە دۆناڵد ترامپ سێ مەرجی تووندی بۆ دەست پێکردنەوەی هەر دانووستانێک داناوە:
- ڕاگرتنی تەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێران
- سنووردارکردنی تووند بۆ بەرنامەی مووشەکی بالیستیک
- کۆتایی هێنان بە پشتیوانی لە گرووپە بە وەکالەتەکانی لە ناوچەکەدا
لێدوانەکانی ناتانیاهوو و مەرجەکانی ترامپ یەک پەیام بۆ تاران دەنێرێت: کۆماری ئیسلامی یان دەبێت بەتەواوی لە بەرنامە ئەتۆمی و مووشەکی و تیرۆریستییەکانی بکشێتەوە، یان ڕووبەڕووی زۆرترین فشار و دابڕانی تەواو و ئەگەری هەنگاوی سەربازی یەکلاکەرەوە دەبێتەوە.