پەیامی کورد... کوژراو و بریندار لە هێرشە بەرامبەرەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە خێرسۆن
ڕۆژی پێنجشەممە، هێزەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی و تۆپبارانکردنیان لە پارێزگای خێرسۆن لە باشووری ئۆکرانیا ئاڵوگۆڕ کرد، کە بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران و بریندار بوون.
پارێزگاری ڕووسیی پارێزگاکە ڕایگەیاند، سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانی قاوەخانە و هۆتێلێکیان کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی کوژرانی ٢٤ کەس و برینداربوونی ٥٠ کەسی دیکە.
لەلایەکی دیکەوە، دەسەڵاتدارانی ئۆکرانی لە پارێزگاکە ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی تۆپبارانی ڕووسیا بۆ سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە، کەسێکی مەدەنی کوژراوە و چەند کەسێکی دیکەش بریندار بوون.
ئاژانسی "تاس"ی ڕووسی بڵاویکردەوە، بەرگرییە ئاسمانییەکانی ڕووسیا لە شەوی ڕابردوودا ١٦٨ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان تێکشکاندووە و خستوویانەتە خوارەوە.
هەروەها دەستەی ئەرکانی گشتیی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوە نەوتی و سەربازییەکانی ناو خاکی ڕووسیا، ئەمەش بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە پاڵاوگەی "تواپسیسکی" لە هەرێمی کراسنۆدار و زیان گەیاندن بە یەکەکانی چارەسەرکردنی سەرەکی، کە سووتەمەنی بۆ هێزەکانی ڕووسیا دابین دەکەن.